کوردستان

کۆڕەک سزا گەورەکەی لەسەر لادەچێت و پەیوەندییەکان ئاسایی دەبێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێككەوتن بۆ چارەسەری کێشەی کۆمپانیای کۆڕەك کراوە.

زەهرە بەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی "دوای چەندین گفتوگۆ و دانیشتن، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمپانیاکە".

بەچاری وتیشی "بەپێی رێککەوتنەکە کۆڕەک تیلیکۆم لەماوەی شەش ساڵدا، ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار دەداتە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بووە، لەبەرامبەردا ئەو کۆت و بەندانەی لەسەر کۆمپانیاکەن، هەڵبگیرێن و پەیوەندییەکانی ئاسایی ببێتەوە".

بەوتەی سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق "کۆمپانیای کۆڕەک بەنوسراوی فەرمی، رەزامەندیی دەربڕیووە کە پارە کەڵەکەبووەکانی سەری بداتەوە."

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەدات "سەرەتا بڕیاربوو پارەکە بدرێتەوە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیکردەوە و رایگەیاند؛ دەستەی گواستنەوە و گەیاندن، پەیوەندارە بە وەرگرتنەوەی پارەکە.

"بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، نوسراو بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری کراوە، ئەویش لە وەڵامدا داوای لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کرد، پارەکە وەربگرێتەوە، بۆیە ئێستا دەستەکە سەرقاڵی گرتنەبەری رێکارە کارگێڕی و داراییەکانە بۆ ئەو کارە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆڕەک هیچ پارەیەکی نەداوەتەوە". زەهرە بەچاری وا دەڵێ
 
2024-10-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.