کوردستان

خیانەتە مەزنەکەی 16ی ئۆکتۆبەر چەند مەلەفێکی نەبیستراوی پارتی هەڵدەداتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی وتەی شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، پارتی تەنها لە پردێ بۆ پاراستنی چەند بیرە نەوتێك شەڕی كرد، لەلایەکی دیکەشەوە ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "لە 16ی ئۆكتۆبەر تا بەرەبەیان شەڕمانكرد، بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم ئامادەنەبوو چەك وهێزمان بۆ بنێرێت".

شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا دەڵێت "پێش ریفراندۆم هەموو دۆستەكانمان داوایانكرد یەك ساڵ ریفراندۆم دوابخرێت پارتی عینادی كرد و دەرئەنجامەكەی 51%ی خاكی كوردستانمان لەدەستدا".

عەسکەری وتیشی "پارتی لە 16ی ئۆكتۆبەردا تەنها لە پردێ شەریان كرد بۆ پاراستنی چەند بیرە نەوتێك و نەیانتووانی وەك یەكێتی بەرگریی لە خاكی كەركوك بكەن".

هەر لەسەر مەلەفە نەبیستراوەکانی خیانەتی پارتی، لای خۆشیەوە باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی خولی پێنجەم لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەکات "لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر وەك هێزەكانی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان تا كاتژمێر حەوتی بەرەبەیان بەرامبەر بە فیرقەی ئاڵتونی عێراق شەڕمانكرد، بەڵام بەلای پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانییەوە شاری كەركوك گرنگ نەبوو، بەڵكو بەلای ئەوانەوە ئەوە گرنگ بوو كە یەكێتیی لاواز بكەن و دەسەلاتی لە شاری كەركوك نەمێنێت ئیتر گرنگ نییە كێ‌ حوكمی كەركوك بكات".

باڵامبۆ رونیشیکردەوە "كاتێك پارتی دەڵێت 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتە و لەلایەن یەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە كراوە، ئەوا پێچەوانەكەی راستە، چونكە لەوكاتە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو ئێمە هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بووین تا بەرەبەیان شەرمانكرد، بەڵام مەسعود بارزانی تەنها بەدیار ئەوەوە دانیشتبوو كە شكستی ئێمە ببینێت، چونكە ئامادە نەبوو یەك چەك و هێز رەوانەی كەركوك بكات لەكاتێكدا جوڵاندنی هێز لەدەستەڵاتی ئەودابوو بەڵام نەیكرد".

ئەوئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان باس لەوەش دەکات "ئێمە بەڵگەمان هەیە لەو شەڕەدا جگە لەوەی چەندین پێشمەرگەمان لێ شەهیدبوو چەندین كەسیشمان بریندار بوو كە تائێستاش بیندارەكانی ئەو شەڕە ماون، بەڵام بۆچی سەرۆكی هەرێم ئامادەنەبوو چەك و هێزمان بۆ رەوانە بكات، ئیتر بۆ دەبێت یەكێتی خیانەتی كردبێت ئەی ئەوە خیانەت نەبوو سەرۆكی هەرێم بەرامبەر بە هێزەكانی یەكێتی ئەنجامیدا ئامادەنەبوو تاكە فیشكەكێكمان بۆ بنێرێت.

 
2024-10-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.