کوردستان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

نها نیوز – هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە محەمەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

بەپێی راگەیەندراوی پەڕەی فەرمیی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە ( 16ی ئۆکتۆبەری 2024) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە دکتۆر محەمەد ئەلحەسان کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک نێردەی نوێی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق.

لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و رێزگرتنی لایەنەکان لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن. 

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کرد و بە گرنگی زانی بۆ پاراستنی پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و بەهێزترکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەوەی ئاستی متمانەی هاوڵاتییانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانیش بە پرۆسەکە زیاتر ببێت.
 
2024-10-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.