پەی:679 کاندید بڕوانامەی خوێندنیان نییە
نها نیوز – هەواڵەکان
دامەزراوەى پەى ئاشکرای دەکات، 679 کاندید بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بڕوانامەیان نییە، راشیگەیاندووە "لە 1191 کاندید تەنیا 36ـیان هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا.
دامەزراوەى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێکى لەسەر ئاستى خوێندنى بەربژێرانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "لە کۆی هەزار و 191 بەربژێر تەنیا 36 کاندید هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆران، هەروەها 51 کاندید هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرن و 339 کاندید هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسن، 86 کاندید هەڵگرى بڕوانامەى دیبلۆمن".
لە هەڵسەنگاندنەکەدا ئەوەش هاتووە "679 کاندید بێ بڕوانامە تۆمارکراون کە لەبەرامبەر ناوەکانیاندا یان بڕوانامەى سەرەتایى یان ناوەندى یاخود تواناى خوێندنەوە و نوسین تۆمارکراوە".
دامەزراوەکە ئاماژە بەوەش دەدات "بەراورد بە لیستى تۆمارکراوانى 10ـى حوزەیران، رێژەکە بۆ زیاتر لە 57% بەرزبووەتەوە.
پەی وتوشیەتی "سەرجەم ئەو ئامارانە ئامارى کۆمسیۆنن و وەک ئامارى فەرمى تۆمارکراون و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".
هەر بەگوێرەى راپۆرتەکە، کاندیدانی پارتى دیموکراتى کوردستان لەڕیزبەندى پێشەوەى لیست و قەوارەکانن کە خاوەنى زۆرترین بڕوانامەن کە کاندیدەکانیان هەڵگرى 15 دکتۆرا و 14 ماستەر و 63 بڕوانامەى بەکالۆریۆسن.
لەدواى ئەوەش بەربژێرانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دێت کە هەشت بەربژێریان هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا و 14 بڕوانامەى ماستەر و 79 بڕوانامەى بەکالۆریۆسن.
هەروەها، بەربژێرانى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى، بزووتنەوەى بابلیۆن، بزووتنەوەى ئیسلامى و بەرەى تورکمانى خاوەنى کەمترین بڕوانامەن.
|