نها نیوز - هەواڵەکان
دوای لەشکرکێشیە بەردەوامەکانی تورکیا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کورستان (پەکەکە) و چۆڵکردنی دەیان گوند لەلایەن خەڵکی سڤیلەوە، ئەو وڵاتە چالاکییەکانی لە خاکی کوردستان چەند رۆژێکە وەستاندووە، بەپێی بەدواداچوونەکانی نها نیوز کە تیایدا بۆی دەرکەوتووە، لە ترسی فراوانبوونی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی ئەنقەرە کەوتووەتە بەرگری وڵاتەکەیی و لە هێرشکردن وەستاوە. لەلایەکی دیکەشەوە شارەزایەکی بواری سەربازی بۆ نها دەڵێت "دۆخی ئابووری تورکیا هەرەسی هێناوە. هەروەها چووەتە نێو شەڕەکەوە و ئەو سوپایەی لەبەردەستیەتی بۆ چاودێریکردنی پەکەکەی پێی، چاودێری ناوچەکەی خۆی پێدەکات".
لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی، شارەزای بواری سەربازی لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ نها نیوزدا لەبارەی وەستاندنی چالاکییەکانی تورکیا لە خاکی کوردستان، وە تاچەند پەیوەندی بە هەڵبژاردنی هەرێمەوە هەیە؟ ئەو وتی "ئەو گوێ بە حزب نادات تورکیا دەوڵەتە، ئەوانە سیستەم و بڕیاری تایبەتی خۆیان هەیە لە بابەتی سەربازی، هەرکاتێک پەرلەمانیان بڕیاریدا کە کاری سەربازی بکرێت دەبێت بکرێت، بەرای من کارەکانی تورکیا بەردەوامە، وا دەیانەوێت لەڕێگای سیخوڕیی و درۆنەوە کاریگەریەکانیان زیاتر بکەن، وە بواری سیاسییان لەباربێت کاری خۆیان دەکەن. هەربۆیە پەیوەندیان بە پارتی و یەکێتی و حزبی ئیسلامییەوە نییە یان بە عێراق".
لیوا محەمەد هەمەوەندی لەوبارەیەوە زیاتر رون دەکاتەوە "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێکی زۆر ئاڵۆزی هەیە و ئەمریکا لەسەر هێڵە لەناو بابەتەکە، وە روسیاش دۆخی لەگەڵ ئۆکرانیا باش نییە، وە ئێرانیش لە جەنگێکی راستەوخۆدایە و ئیسرائیل بەهەموو هێزێکەوە هاتووەتە ناوەوە، لەمکاتەدا تورکیا چاودێری دۆخەکە دەکات، چونکە بواری ئابووری تورکیا زۆر لاوازە و بەتەواوی هەرەسی هێناوە، چونکە ئەو جەنگەش سەد لەسەد تورکیا دەگرێتەوە".
وەک ئەو شارەزا سەربازییە دەشڵێت "تورکیا لە بەرگریدایە (دیفاع) نەوەکو هێرش (هجوم). چونکە تورکیا چووەتە نێو شەڕەکەوە لەجیاتی ئەوەی سوپاکەی چاودێری پەکەکەی پێبکات چاودێری ناوچەکەی خۆی پێدەکات".
سەبارەت بە دۆخی کوردستانیش، ناوبراو زانیاری سەرسوڕهێنەر تر ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "کوردستانیش بەشێکە لە شەڕەکە هەتا هاواریش بکات بڵێت ئێمە پەیوەندیمان بە حزبوڵڵاوە نییە یاخود حەماس، بەڵکو هەر تێوە دەگلێت. هەمووی یەک ستراتیجییە و لەیەک بەلەمدان خۆ ئەوە نییە کە بڵێن ئاگرە سورە لەمن دوورە، وە لێرەدا من لەگەڵ ئەوە نییم کە کوردستان خۆی بۆ جەنگی رۆژهەڵات ئامادە نەکردووە، چونکە ئەویش بەشێکە لەشەڕەکە، وە دەبێت خۆی بە لایەنێکدا ساغ بکاتەوە. کوردستان دەبێت یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوا بێت یاخود بەشی ئەمریکا بێت یان ئێران. لەبەر ئەوە لەهەردوولادا زەرەرمەندە".
هەمەوەندی بوونی هەرێمی کوردستان لەم جەنگەدا روندەکاتەوە و دەڵێت "کوردستان دەبێت لەهەردوو تەرەفەکە بێت ئەگینا لێی قبوڵ ناکرێت، نە ئێران لێی قبوڵ دەکات و نە ئەمریکاش، چونکە ئەمریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان بکات بە قاعیدەیەک و سبەینێ پێی بدات لە تورکیا و سوریا و ئێران، ئێرانیش لای خۆیەوە دەیەوێت بیکاتە قاعیدەیەکی خۆی و ئەمین بن لێی، چونکە دەیانەوێت بیکەن بە بەشێک لەخۆیان یان وەکو خەڵکی خۆیان و بیکەن بە لانەیەک لە کوردستان بۆ سوریا تەراتێنیان پێ بکەن، جا هەر بۆیە ناوچەکە لەژێر چاودێرییەکی زۆر بەهێزدایە بەتایبەت کوردستان، دواتر تورکیا و ئێران و بگرە سوریاش".