کوردستان

قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەمووان لەم هەڵبژاردنەدا پشتی سەرۆکی یەکێتی بگرن

نها نیوز – هەواڵەکان
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لە دەڤەری ئیدارەی راپەڕین، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال دوو کۆبوونەوەی جەماوەری لە ناحیەکانی چوارقوڕنە و حاجیاوا ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی پەڕەی قوباد تاڵەبانی لە فەیسبوک، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال رایگەیاندووە "پێویستە هەمووان لەم هەڵبژاردنەدا پشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بگرین تا بتوانێت بە هێز و توانایەکی زیاترەوە کاربکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی کە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتە خۆسەپێنە لە هەرێمی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی یەکێتی کرد لە ساڵانی رابردوودا و روونیکردەوە "لە دوای نەخۆش کەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالەوە یەکێتی بەهۆی باڵباڵێن و کێشەی ناوخۆییەوە غەدری لە خۆی و لە جەماوەرە دڵسۆزەکەشی کرد و خەڵکێکی زۆری لە خۆی بێ هیوا کرد".

راشیگەیاند "لە سێ ساڵی رابردوودا یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ بە تێگەیشتنێکی قوڵەوە خۆی رێکخستەوە و ئێستا ئەو یەکێتییەیە کە جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان داوایان دەکرد".

وتیشی "هەر بەهۆی ئەم خۆڕێکخستنەوەیە و هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتییەوەیە کە بەشێکی گەورەی سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان هەر لە گەنجان و ژنانەوە تا دەگاتە پیاوانی ئایینی و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان لەگەڵ یەکێتی ئاشت بوونەتەوە و ئێستا هیوایەکی گەورە دروست بووە کە تەنها لەسەر دەستی ئەم یەکێتییەیە کە دەکرێت حکومڕانی راست بکرێتەوە و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکرێت و کۆتایی بە خۆسەپێنی و جیاکاری لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بهێنرێت".
 
2024-10-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.