کوردستان

دوای 15 ساڵ حزبیبوون و چوارجار برینداربوونی؛ کەسایەتییەکی دیاری سەربازی هەولێر وازی لە پارتی هێنا

نها نیوز – هەواڵەکان

سەید عەبدوڵا کەردزی، فەریقی یەکەم و کەسایەتی دیاری سەربازی شاری هەولێری وازی لە پارتی هێنا. بەپێی وتەی ناوبراو 15 ساڵ لەو حزبەدا خەباتیکردووە و چوارجاریش لە شۆڕشی ئەیلول برینداربووە و براتاقانەکەشی لەدەستداوە.

سەید عەبدوڵڵا کەردزی دەشڵێت "ئێستا سەربە هیچ حزب و لایەنێک نییم و پێشمەرگەی کوردستانم".

ئەمەش نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیەتی:

پەیامی وازهێنانم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلول بە خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنم

سڵاو و ڕێزم بۆ هەموو لایەک

خوشکان و برایان زۆربەتان دەزانن کە لە شۆڕشی ئەیلول لە تەمەنی 16 ساڵی دەستم کردە چەک بۆ ئەوەی بەرگری لە میللەت و خاکم بکەم وە بەو ڕۆحیەتە هینام تا ئەوڕۆ لەو ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە تاقە براکەم شەهید بوو و خۆم 4 جار بریندار بووم و سەدان هەڤاڵم لە دەستدا، بە گشتی ئەو ڕێگایە پڕ سەختی بوو بەڵام ئەو هەموو دەردە سەری و ماڵ وێرانی و برسیەتی و سەرما و گەرمای ئەو ڕێگایە بە قەد نا دادپەروەری سەردەمی ئێستا بێ ئومێدی نەکردینە.

بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنم ئەمن تەمەنێک خۆم بە پێشمەرگە و بەرگریکاری میللەتەکەم زانیە بەڵام ئێستا کار بگاتە ئەوەی نەتوانم بەرگری لە سادەترین مافی خۆم بکەم ئەی چۆن دەتوانم بەرگری لە خاک و خەڵک بکەم. زۆربەی هەڤاڵانم دەزانن زیاتر لە 15 ساڵە لەبەر ڕێزی خەباتەکەم لە زۆر شت بێ دەنگیم هەڵبژاردیە بەڵام ئیدی گەیشتە ئاستەک بێدەنگی بێڕێزیکردنە بە خەباتی خۆم و ڕێگە خۆشکردنە بۆ زوڵم کردن لە هەموو تێکۆشەرێکی دێرین.
 
بەم نامە کراوەیە وازهێنانم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنم وە سەر بە هیچ حزب و لایەنێک نیم و پێشمەرگەی کوردستانم لە هەمان کاتدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە لێتان دانابڕێم خوای گەورە پشتیوان بێت بە هەمان ڕۆحیەتی ئەوێ ڕۆژێی دێدەوان، بەستی شەرغە، قەرەچوغ و سەفین لە خزمەتتان دا دەبم. 

سەید عبداللە کەردزی

 
2024-09-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.