کوردستان

وردبینی کۆتایی هات.. لیستی ناوی وانەبێژان بۆ گرێبەستکردنیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

بەگوێرەی وتەی عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبیژ، وردبینی لە  ناوی وانەبیژان کۆتاییهات. دەشڵێت "دووشەمە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت".

عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ وتی "دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران فەرمانیکرد لەماوەی 30 رۆژ لیستەکەیان ئامادەبکرێت، دوێنێ شەو دوای 18 رۆژ کارکردنی بەردەوام کۆتایی هێنرا بە پرۆسەی وردبینیکردن".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات "دوای تەواوبوونی وردبینی بڕیارە رۆژی دووشەممە 16 ی مانگ رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و فەرمان بە لیستی ناوەکان دەردەچێت".
 
عەلی رەئوف بەم جۆرەیە پرۆسەی وردبینیکردنی لیستی ناوی وانەبێژان بۆ گرێبەستکردنیان دەخاتە روو:

1- سەرەتا لیستی مامۆستایانی وانەبێژ بە مۆرکراوی بۆ هەر پەروەردەیەک بە جیا نیردرا و ماوەی حەوت رۆژی کارکردنیان پێدان بۆ گەڕانەوەی لیستەکان و چاککردنی هەر کەموکوڕییەک لە داتاکان.

2- پاش گەڕانەوەی لیستەکانی هەموو پەروەردەکان لیژنەیەک لە وەزارەت تا 12ی شەو بە بەردەوامی پێداچوونەوەیان بە وردبینی پەروەردەی قەزاکان دەکرد.

3- پاش ئەوەی کە لە وەزارەت وردبینی تەواوبوو، سەرلەنوێ لیستی هەر پەروەردەیەک بەجیا ئامادەکرا و بانگهێشتی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا و بەرپرسی خۆیەتی و وردبینی و ژمێریاریی پەروەردەی قەزاکان کرا بۆ وەزارەت. دواین لیست و داتای پەروەردەکەی خۆیان دەخستە بەردەستیان کە سەرلەنوێ چێکی بکەنەوە و بە نوسین یاداشتێک بنوسن کە هیچ هەڵە و کەموکوڕی لە لیستی پەروەردەکەیان نیە و هەر تێبینیەکیان هەبووبێت لەسەر هەڵەی داتا لەسەر پێشنیار و نوسینی نوسراوی ئەوان راستکردنەوەی بۆ کرا، بە مۆر و واژۆی خۆیان بەڵێنی ئەوەیان داوە هیچ گرفتیک لە لیستەکە نیە.

4- دوێنێ شەو هەموو داتاکان لە سیستم چێککرانەوە و تا کارەکان تەواو کران و داتاکان ئامادەن و رۆژی دووشەممە لیستەکە بەدەستی دەبەن بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرکردنی فەرمان و دەستپێکردنی رێککارەکان.

لەوبارەیەوە جەزا شێخانی، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئاشکرای دەکات "ئاگاداری موبایلەکانتان بن هەر وانەبێژێک زانیارەکانی هەڵەبێت لە سیستەمی (ئی) پەروەردە ئەمرۆ بە نامە ئاگادار دەکرێنەوە هەڵەکان راست بکەنەوە.

 
2024-09-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.