کوردستان

هاتنی پزیشکیان لەسەر داوای سودانی و لەتیف رەشد بووە و كارنامەی سەردانەكەشی ئاشکراکرا

نها نیوز – هەواڵەکان

بڕیاربوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بەو ئەرکەیە هەڵدەستێت کە ناوبراو یەکەمجار سەردانی دەرەوەی وڵات دەکات، هاوکات سەردانەکەی پزیشکیان لەسەر داوای هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و د. لەتیف جەمال رەشیدە و رۆژنامەیەكی ناوەندیش کارنامەی سەردانەکە ئاشکرا دەکات.

رۆژنامەی سەباحی عێراق بڵاویكردووەتەوە، سەردانەكەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی فەرمی هەریەكە لە د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە و لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە گەیاندراوە بە عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی.

بەپێی رۆژنامەی سەباح، مەسعود پزیشكیان سبەی چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە عێراق و ئەوەش یەکەم سەردانیەتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی کۆماری ئێران.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بە رۆژنامەكەی وتووە "سەردانەکە رەنگدانەوەی خواستی حکومەتی نوێی ئێرانە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چالاکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ئێران و عێراقدا ئەنجام دراون، جگە لە واژۆکردنی ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوان هەردو وڵات لە بواری ئەمنی و ئابوریدا".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشكردووە "بڕیاربوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران سەردانی بەغدا بکات، بەمەبەستی واژۆکردنی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە.

وتوشیەتی "پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات ساڵانە گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار و هەردو وڵات دەیانەوێت بۆ 20 ملیار دۆلاری بەرزبکەنەوە".

بەوتەی سەرچاوەکەی سەرۆک کۆماری ئێران "پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە تەوەرە سەرەكیەكانی گفتوگۆكانی نێوان سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت، بەتایبەتی پرسی هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، هەروەها پەیوەندییەکانی ئێران و دەوڵەتانی عەرەب، هەروەک چۆن عێراق رۆڵی هەیە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سعودیە بە میوانداریکردنی گفتوگۆ سەرەتاییەکانی نێوان تاران و ریاز، کە بووە هۆی گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردو وڵات".

لای خۆشیەوە محەمەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند "سەردانەکەی مەسعود پزیشكیان بۆ عێراق لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانە لەبوارەکانی سیاسی، کولتوری، ئابوری و ئەمنیدا".

راشیگەیاند "عێراق دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەب، وەک پەیوەندی لەگەڵ میسر و ئوردن، هاوکات لە ساڵی رابردووشدا بەشداریکرد لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ریاز و تاران".

هەر لەوبارەیەوە نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە تاران بۆ رۆژنامەكەی ئاشکراکردووە "حکومەتی هەرێم بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بكات، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەڵێنی ئەوەیان داوە، بەڵام وتویانە ئەو بابەتە پەیوەندی بە بەرنامەی كاری سەردانەكەی سەرۆك كۆمارەوەیە بۆ بەغدا".
 
2024-09-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.