کوردستان

لێدوانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ شاندەکەی بەغدا

  
نها نیوز - هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆفسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە ھەولێر بە ئامادەبوونی ستێڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باس لە ھەڵبژاردنەکانی خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و سەرکەوتووبێت لە بەدیھێنانی خواست و ئیرادەی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.

ھەردوولاش ھاوڕابوون کە دەبێت گروپی چاودێری نێودەوڵەتی لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوکۆکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە و بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرا لە عێراق، بەوپێیەی ھێشتا تیرۆر ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا. 

لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە ھاتنی وەفدەکەی حکومەتی فیدراڵ کرد بۆ ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان و لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەندیدار بە موچە و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.
2024-09-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.