لە حەسەکە هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا
نها نیوز – هەواڵەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەدرۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە سەربازانی ئەمریکیی تێدایە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایكردووه، هێرشەکە کراوەتەسەر بنکەیەکی سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە نزیک گوندی خەرابولجەیر لە دەشتاییەکانی ڕمێلان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان.
دەشڵێت، درۆنەکە لەناو بنکەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتووەته خوارەوە کە سەربازانی ئەمریکیی تێدایە و ئاگر لەناو بنکەکە کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی بڵاونەکراوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 19ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە و پاش 12 رۆژ لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، هێرشی درۆن و مووشەکیی گروپێک کە بە (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) خۆی دەناسێنێت، بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق و سووریا دەستیپێکردووە و کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە.
|