نها نیوز – هەواڵەکان
لیژنه‌ی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له پەرلەمانی عێراق داوا ده‌كات په‌رله‌مان و حكومه‌تی فیدڕاڵ هه‌نگاوی جددی بنێن بۆ هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، لیژنەکە دەشڵێت "سزادانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن توركیاوە سیاسییە".
كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی لیژنه‌ی گواستنه‌وه و گه‌یاندن لە پەرلەمانی عێراق به ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی دەڵێت "له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق لیژنه‌ی گواستنه‌وه و گه‌یاندن دوای سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌یاننامه‌یه‌كی خوێنده‌وه و تێدا داوایكرد په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی هه‌نگاوی جددی بنێن بۆ هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی كه له‌لایه‌ن وڵاتی توركیاوه خراوه‌ته سه‌ری.
له بهیاننامەیەكیشدا لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە "فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی هیچ كێشه‌یه‌كی یاسایی و هونه‌ری و ئیداری و ئه‌منی نییه و له‌لایه‌ن توركیاوه سزای سیاسی دراوه و پێویسته ئه‌و سزایه كۆتایی پێبهێنرێت.
له‌ماوه‌ی 14 مانگی رابردوودا به‌هۆی راگرتنی 35٪ی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به ئاسمانی توركیادا نزیكه‌ی 10 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی به‌ر فڕۆكه‌خانه‌كه كه‌وتووه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه گه‌شته‌كان بۆ وڵاتان له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تری گه‌شتیاری به‌رده‌وامه و هیچ كێشه‌یه‌ك نییه.
دەقی بەیاننامەی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لەبارەی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی...
رۆژی 2ی تەموز، لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد.
ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەراگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی راگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوەو بارگرانی زۆریشی بۆ هاوڵاتیان و ئابوری سلێمانی دروستکردوە.
لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیەو ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسیە.
لێرەوە، داوا دەکەین، لە ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەکەمان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگای دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فرۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق.
لەگەڵ رێز و سوپاسدا…
لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن