8 رێگە بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ
نها نیوز – تەندروستیی
ئەگەر دەتەوێت لە مەترسییەکانی جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ دوور بیت، 8 ئامۆژگاری بۆ پاراستنی دڵت پەیرەو بکە و بە چەند هەنگاوێکی سادە دەتوانیت مەترسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەیتەوە.
یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ پاراستنی دڵ لە نەخۆشییەکان پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیان و خواردنی تەندروست، کۆمەڵێک هەنگاویش هەن دەتوانیت لەڕێگەیەوە دڵت بپارێزیت لە نەخۆشییەکان.
گوێ لەم ئامۆژگارییە گرنگانەی پزیشکانی دڵی ئەڵمانیا بگرە. ئەوان دەڵێن هۆکاری زۆربەی حاڵەتەکانی مردنی کتوپڕ، نەخۆشیی خوێنبەری دڵە، کە وادەکات خوێن و ئۆکسجینی پێویست بە دڵ نەگات.
نیشانە سەرەتاییەکان چین؟
پێش ئەوەی خوێنبەرەکانت زۆر تەسک ببنەوە، لەشت ئاگادارت دەکاتەوە. لە کاتی کارکردن و ماندووبووندا، هەست بە هەناسەبڕکێ یان قورسییەک لە سنگتدا دەکەیت کە جاران نەتبووە. کاتێک نەخۆشییەکە زیاتر پێشدەکەوێت، تەنانەت بە کارێکی سادەش هەست بەو نیشانانە دەکەیت.
ئامۆژگارییە زێڕینەکان بۆ پاراستنی دڵت
1. چاودێریی فشاری خوێنت بکە
فشاری بەرزی خوێن وەک "بکوژێکی بێدەنگ" وایە، چونکە لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی نییە بەڵام زیانێکی گەورە بە دڵ و خوێنبەرەکانت دەگەیەنێت. بۆیە زۆر گرنگە بە بەردەوامی پێوانی بکەیت و ئەگەر بەرز بوو، چارەسەری بکەیت.
2. ئاگاداری چەوریی (LDL)ی خوێنت بە
ئەم جۆرە چەورییە بە "چەورییە خراپەکە" ناسراوە. کاتێک لە خوێنتدا زیاد دەکات، خوێنبەرەکانت ڕەق دەکات و مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات. پشکنینی بکە و ڕێگە مەدە بەرز بێتەوە.
3. پشکنینی شەکرەی سێ مانگی لەبیر مەکە
پشکنینی (HBA1C) پێت دەڵێت ئایا شەکرەت هەیە یان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەری تووشبوونت هەیە. بەرزیی شەکریش ڕاستەوخۆ مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی دڵت.
4. لە جگەرە و دووکەڵەکەی دوور بکەوە
جگەرەکێشان یەکێکە لە گەورەترین دوژمنەکانی دڵ. تەنانەت ئەگەر خۆشت جگەرە نەکێشیت و تەنها دووکەڵەکەی هەڵبمژیت، هەر زیانی پێدەگەیەنێت. باشترین هەنگاو بۆ پاراستنی دڵت، وازهێنانە لە جگەرە و دوورکەوتنەوەیە لێی.
5. خۆت لە قەڵەوی بپارێزە
قەڵەوی بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر دڵت. ئەو چەورییە زیادەیەی لە دەوری ئەندامەکانی ناوەوەی لەشت کۆدەبێتەوە، دەبێتە هۆی هەوکردن و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، شەکرە و فشاری خوێن زیاد دەکات.
6. بجووڵێ و وەرزش بکە
وەرزشکردن کلیلی تەندروستییە. یارمەتی دابەزاندنی شەکر، چەوری و فشاری خوێن دەدات. دڵت بەهێز دەکات و فشاری دەروونیشت کەمدەکاتەوە. هەوڵبدە هەفتانە 5 ڕۆژ و هەر جارێک 45 خولەک چالاک بیت، جا بە پیاسەیەکی خێرا بێت، پایسکلسواری یان مەلەوانی.
7. خواردنی تەندروست هەڵبژێرە
ئەوەی دەیخۆیت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دڵت هەیە. ڕێجیمی دەریای ناوەڕاست، کە پڕە لە سەوزە، میوە، ماسی، گۆشتی سپی و زەیتی زەیتوون، باشترین هەڵبژاردەیە. لە شەکری دەستکرد و خواردنی سوورکراوە دوور بکەوەرەوە.
8. خەوێکی باش و قووڵ بکە
خەو بۆ دڵت زۆر گرنگە. هەوڵبدە شەوانە بە پێی پێویست و لە کاتێکی دیاریکراودا بخەویت. خەوی باش یارمەتی دڵت دەدات پشوو بدات و بە شێوەیەکی تەندروست کار بکات.
|