تەندروستی

مەترسییەکی گەورەی دڵەڕاوکێ ئاشکرا دەکرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

توێژینه‌وه‌یه‌كی ژاپۆنی ئاشکرای دەکات، دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختەی مێشک.

تیمێکی توێژەر لە زانکۆی فوجیتا بۆ زانستە تەندروستییەکان و پەیمانگای تۆکیۆ بۆ زانستە پزیشکییەکان، لە دۆزینەوەیەکی جێگەی سەرنجدا، شێوەیەکی نوێی تێکچوونی مێشکیان خستەڕوو کە ناویان لێناوە "پێگەیشتنی زیاد لە پێویستیی هیپۆکامپەس". ئەم حاڵەتە، کە بە پێشکەوتنی نائاسایی لە پێگەیشتنی خانەکانی مێشک و دەرکەوتنی پێشوەختەی نیشانەکانی پیربوونی دەمارەخانەکان (نێرڤی) دادەنرێت، لە توێژینەوەیەکدا بڵاوکرایەوە کە لە گۆڤاری بەناوبانگی "Neuropsychopharmacology" جێگەی کرایەوە. 

بەپێی توێژینەوەکە، "پێگەیشتنی زیادە"ـی ناوچەی هیپۆکامپەس، کە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بیرەوەری و ڕێکخستنی سۆزەکاندا دەبینێت، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بەرزبوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ و زیادبوونی ڕەفتارە دڵەڕاوکێکانی ئەو ئاژەڵانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. 

لەوبارەیەوە، دکتۆر تسویۆشی میاکاوا کە سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەکات دەڵێت "لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی پێشوو زیاتر سەرنجیان خستبووە سەر "نەگەیشتنی دەمارەخانەکان" (neuro-immaturity) وەک هۆکارێک بۆ تێکچوونە دەروونییەکان، تیمەکەمان بە دۆزینەوەی پێچەوانەکەی سەرسام بوون، بەو پێیەی هەندێک لە نموونەکان نیشانەی خێرابوونی پیربوونی پێشوەختەی دەمارەخانەکانیان نیشان دا". 

لەبارەی ئەنجامەکانەوە ئەو پزیشکە پشتڕاست کردەوە، کە ئەو مشکانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەر هۆرمۆنی سترێسی "کۆرتیکۆستیرۆن" کەوتبوون، نیشانەکانی ئەو پێگەیشتنە زیاد لە پێویستەیان لە هیپۆکامپەسدا تیادا دەرکەوت لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی دڵەڕاوکێ، کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی فشاری دەروونیی درێژخایەن دەتوانێت پرۆسەی پیربوونی مێشک خێراتر بکات. 

هاوکات شیکردنەوەی بۆماوەکان (جینەکان) زیاتر ئەم دۆزینەوەیەی چەسپاند، چونکە دەرکەوت پێگەیشتنی زیاد لە پێویست پەیوەستە بە چالاکبوونی زیاد لە پێویستی بۆماوەکانی Camk2a و Grin2b، کە گرنگییەکی زۆریان لە پەیوەندیی دەمارەخانەیی (synaptic communication) و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە فێربوون و بیرەوەریدا هەیە.
7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.