بەکارهێنانی مۆبایل لە درەنگی شەودا نیشانەی دەروونییە
نها نیوز - هەواڵەکان
توێژینەوەیەک ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی لە کاتژمێرە درەنگەکانی شەودا مۆبایل بەکاردەهێنن لەرووی دەرونیەوە ناجێگیرن.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کەلە گۆڤاری "ساینتێفیک ریپۆرتس" بڵاوکراوەتەوە و داتای بەکارهێنانی 310 کەسی پێگەیشتووی بۆ پلاتفۆرمی "ئێکس" شیکردووەتەوە، نیشانیداوە کە ئەو کەسانەی لەنێوان کاتژمێر 11ی شەو و 5ی بەیانیدا پۆست دەکەن یان چالاکن لە پلاتفۆرمەکەدا، ناسەقامگیریی دەروونییان تێدا بەدی کراوە، بە بەراورد بەو کەسانەی لە رۆژدا پلاتفۆرمەکە بەکاردەهێنن.
دانیال جۆنسۆن لە زانکۆی "بریستۆڵ"ی بەریتانی، کە لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ توێژەرانی دیکەی هەمان زانکۆ ئەنجامداوە، دەڵێت "ئەم ئەنجامانە گومان دەخەنە سەر ئەو سەرقاڵییە سیاسییەی کە هەوڵدەدات کاتی بەکارهێنانی شاشە کەم بکاتەوە، و لە تێگەیشتن لە کاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی نزیکمان دەکاتەوە".
هاوکات جۆنسۆن لە وتارێکدا کە لە پلاتفۆرمی "زە کۆنڤێرسەیشن" بڵاوکراوەتەوە، رونیکردەوە کە کێشەی لێکۆڵینەوەکانی پێشوو ئەوەیە کە تەنها سەرنجیان لەسەر ماوەی بەکارهێنان بووە، ئاماژەی بەوەشدا کە رەفتاری بەکارهێنەر و ئەو پلاتفۆرمەی کە بەکاریدەهێنێت دوو هۆکاری گرنگن بۆ دیاریکردنی ئەنجامەکان.
جۆنسۆن و هاوکارانی پشتیان بە "پێوەری خۆشگوزەرانی دەروونی" بەستووە، کە لە 14 خاڵ پێکدێت و بۆ پێوانەکردنی هەست و کارکردنی کەسەکە بەکاردێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کاتی پۆستکردن لە "تویتەر" پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی دەروونییەوە هەیە، هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە خۆشگوزەرانیی دەروونی لەو کەسانەی کە شەوانە چالاکن کەمترە، بە بەراورد بەوانەی کە لە کاتژمێرەکانی رۆژدا پۆست دەکەن.
لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی نیشانداوە، کە پەیوەندیی نێوان کاتی پۆستکردن و نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بەهێزتر بووە، بەتایبەتی لە بەشداربوانی بەتەمەنتردا.
|