تەندروستی

کەمیی ئاسن چی لە جەستە دەکات؟

نها نیوز – تەندروستیی

کەمی ئاسن بریتیە لە نەبونی بڕی ئاسنی پێویست کە جەستەت پێویستی پێی هەیە، ئەمەش واتە جەستەت ناتوانێ بڕی پێویستی هیمۆگلۆبین دروست بکات لەناو خڕۆکە سورەکانی خوێنی کە بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجین و ماددەی ئاسن کە پێویستن، چارەسەری سەرەکیی کەمیی ئاسن بریتییە لە وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ئاسن. ئەگەر ئەم تەواوکەرە خۆراکییەت بۆ نوسراوە، هەوڵبدە لەگەل ئەو خۆراکانە بیخۆیت کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی، وەکو پرتەقاڵ، ئەمە وادەکات سوودی زیاتر لە ئاسنەکە وەربگریت و جەستەت بە باشی هەڵیبمژێت.

نیشانەکانی کەمیی ئاسن چەند نیشانەیەکی گشتیین و زۆرجار پشتگوێدەخرێن، واتە لەوانەیە کەسەکە بەهانە بهێنێتەوە و بڵێت من بۆیە بێ وزەم چونکە کەمخەوم، بەڵام لە راستیدا لەوانەیە هۆکاری بێوزەییەکە کەمیی ئاسن بێت.

نیشانەکانی سەرەتا (کەسەکە هێشتا تووشی کەمخوێنی نەبووە):
بێهێزی، واتە کەسەکە زۆرینەی کات هەست بە بێوزەیی و ماندوویی دەکات.
کەمسەرنجی: کەسەکە زۆرجار سەرنجی باش نییە، بۆ نموونە گرفتی سەرنجدانی وانەکانی هەیە.
تەنکبوون یان رووتانەوەی قژ
لاوازبوونی نینۆکەکان
توانای فێربوون و یادگەی کەمدەبێتەوە
نیشانەکانی قۆناغەکانی دواتر(کەسەکە کەمخوێنی هەیە)

کاتێک کەمیی ئاسن زیاتر بەردەوامدەبێت و دەبێت بە کەمخوێنی، نیشانەکان ئاشکراتر دەبن و زیاتر سەرنج دەدرێن، و زیاتر پەیوەستن بە کەم گەیشتنی ئۆکسجین بۆ شانەکانی جەستە.

نیشانەکان:

بێڕەنگی و زەردبوونی پێست، بەتایبەتی لە لێو، پووک، پێڵووی چاو و نینۆکەکان.
تەنگەنەفەسی، بەتایبەتی لەکاتی وەرزشکردندا.
خێرا لێدان و لێدانی ناڕێکی دڵ.
ساردبوونی دەست و پێیەکان.
حەزکردن لە خواردنی ئەو شتانەی خۆراک نین، بۆ نموونە خۆڵ، سەهۆڵ یان کاغەز.
ئەگەر ئەم نیشانانەم هەبوو چی بکەم؟
لە ئەگەری هەبوونی ئەم نیشانانەدا، گرنگە سەردانی پزیشک بکرێت.

پزیشکەکە دواتر پێشنیازی پشکنینی خوێن و رێژەی ئاسنی خەزنکراو لە جەستەدا دەکات، ئەم پشکنینە زۆر ئاسانە و کاتێکی زۆریشی ناوێت.

چارەسەرەکان 
تەواوکەری خۆراکیی ئاسن: چارەسەری سەرەکیی کەمیی ئاسن بریتییەلە وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ئاسن. ئەگەر ئەم تەواوکەرە خۆراکییەت بۆ نوسراوە، هەوڵبدە لەگەل ئەو خۆراکانە بیخۆیت کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی، وەکو پرتەقاڵ، ئەمە وادەکات سوودی زیاتر لە ئاسنەکە وەربگریت و جەستەت بە باشی هەڵیبمژێت.

باشترکردنی سیستمی خۆراکی: باشتر وایە ئەم کەسانە ژەمە خۆراکییەکانیان دەوڵەمەند بکەن بە خۆراکی وەکو گۆشتی سوور، مریشک، ماسی، دانەوێڵەکان، پاقلەمەنییەکان و سەوزە گەڵاپانەکان.

ئەو کچانەی بەهۆی سووڕی مانگانەی توندەوە تووشی کەمیی ئاسن بوون، پزیشک ئەو چارەسەرانەیان بۆ پێشنیازدەکەن کە تایبەتن بە رێکخستنەوەی سووڕی مانگانەکەیان، وەکو حەبی رێگریکردن لە دووگیانی.

 

8کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.