| جگەرەکێشانی دایک و باوک هۆکارە ترسناکەکەی کورتەباڵایی منداڵان  
                              نها نیوز - هەواڵەکان
 تەندروستیی جیهانی بڵاویکردەوە، جگەرەکێشانی دایک یان باوک منداڵەکەیان کورتەباڵا دەکات.
 
 رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە جگەرەکێشانی هەرکام لە دایک و باوک منداڵ دەخاتە بەردەم مەترسیی کورتەباڵایی و تێکچوونی گەشە.
 
 وتوشیەتی "جگە لە کورتەباڵایی دەبێتەهۆی تێکچوونی گەشە و تەنانەت زیادکردنی ئەگەری مردنیش".
 
 بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بێت، کورتەباڵایی گرفتێکی بڵاوی جیهانییە و ئێستا 150 ملیۆن منداڵ گرفتاری ئەم کێشەیەن.
 
 بڵاوکراوە نوێیەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە یانزدەهەمینە لە زنجیرەیەک بڵاوکراوە کە نوێترین و دواهەمین زانیارییەکانیان تێدایە لەبارەی زیانەکانی جگەرە و تووتن، و ئاراستەی تەندروستکاران، دەسەڵاتداران و چالاکوانانی تەندروستیی گشتی کراوە.
 
 لە بڵاوکراوەدا داوا لە حکومەتەکان کراوە سیاسەتەکانی کۆنترۆڵکردنی جگەرەکێشان توندتر بکەن و منداڵان بپارێزن لە بەرکەوتنی دووکەڵی توتن، بەتایبەت ئەوکاتەی منداڵ لە سکی دایکی دایە.
 
 چەند لێکەوتەیەکی نەخوازراوی جگەرە و دووکەڵی تووتن لەسەر منداڵ و کۆرپە، ئەمانەن:
 
 ـ ئەو منداڵانەی دایکوباوکیان جگەرەدەکێشن، لە منداڵانی دیکە زیاتر تووشی دواکەوتنی گەشە و کورتەباڵایی دەبن.
 
 ـ تاوەکو بەرکەوتنیان لەگەڵ تووتن زیاتربێت، مەترسیی کورتەباڵایی و دواکەوتنی گەشەیان زیاتر دەبێت.
 
 ـ ئەو ژنانەی لە دووگیانیدا جگەرە دەکێشن، ئەگەری زیاترە تووشی گرفتەکانی دووگیانی و منداڵبوون ببن، وەکوو: منداڵبوونی نەبەکام، کەمکێشیی منداڵەکەیان لەکاتی لەدایکبوون و کەمگەشەکردنی منداڵ لە ساڵی یەکەمی تەمەن، هەموو ئەمانەش رێگەخۆشدەکەن بۆ کورتەباڵایی و دواکەوتنی گەشە.
 
 لە بڵاوکراوەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا ئاماژە بەوەشدراوە، دووکەڵی تووتن هەزاران ماددەی ژەهرینی کیمیایی تێدایە کە لەمپەر بۆ گەشەی کۆرپە دروستدەکەن. بەرکەوتنی ئەم ماددانە لەناو منداڵداندا و بەر لە لەدایکبوون دەبێتەهۆی هێواشبونی گەشە، شێواویی زگماکی و ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشیی درێژخایەن لە داهاتوودا. پاش لەدایکبوونیش بەرکەوتن لەگەڵ ئەم ماددانە دەبێتەهۆی گرفتی سییەکان و هەناسە؛ ئەمانەش ئەگەری کورتەباڵایی و دواکەوتنی گەشە زیاددەکەن.
 |