نهانیوز- تەندروستی
لە جیهاندا رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بە شێوازێکی بەرچاو زیادیکردووە،بە تایبەت لە ناو گەنجاندا، بەڵام بە پێی توێژینەوەکان، کەمیی ڤیتامین دی دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی زۆربوونی شێرپەنجەی کۆڵۆن.
شێرپەنجەی کۆڵۆن، جۆرێکی شێرپەنجەیە کە لە ناوپۆشی ریخۆڵەکاندا دروستدەبێت. ئەم شێرپەنجەیە زیاتر لە بالوکەی ناو کۆڵۆنەوە دروستدەبێت. ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەم جۆرەی شێرپەنجە لە پیاواندا باوترین جۆری شێرپەنجەیە. شێرپەنجەی کۆڵۆن پشکنینی پێشوەختەی هەیە و دەکرێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانبکرێت.
لە چەند توێژینەوەیەکدا سەرنج خراوەتە سەر رێژەی ڤیتامین دی لەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان هەیە و چەند ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر بەدیکراون.
توێژەران دەڵێن ئەو کەسانەی بە شێرپەنجەی کۆڵۆن دەستنیشانکراون، ئاستی ڤیتامین دی لە جەستەیاندا نزمە، لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەی زیاتر پێویستە بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەم پەیوەندییە، بەڵام دەکرێت ئەم ئەنجامانە لە داهاتوودا یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون.
چەند توێژینەوەیەکی دیکەی وەکو ئەم دوو- توێژینەوەیە، ش دەریانخستووە کە کەمیی ڤیتامین دی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکات و کاریگەریی نەرێنیشی دەبێت لەسەر چارەسەرەکانی شێرپەنجەکە.
هەربۆیە توێژەران دەڵێن لەوانەیە کاتی ئەوەبێت هەمووان پشکنینی ئاستی ڤیتامین دیی جەستەیان بکەن. لەگەڵ ئەوەی رێژەی ڤیتامینەکە لە جەستەدا تەنیا لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەردەکەوێت و یەکلادەبێتەوە، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەکان، نزیکەی ملیارێک کەس لە جیهاندا کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە.
ڤیتامین دی یەکێکە لەو ڤیتامینانەی فرمانی گرنگییان هەیە و رۆڵی لە تەندروستمانەوەی جەستە و دەرووندا هەیە، هەروەها رۆڵی لە دروستبوونی ئێسکی بەهێز، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و هاوسەنگکردنەوەی دەرووندروستیدا هەیە.
هاوسەنگردنەوەی رێژەی ئەم ڤیتامینەش دەکرێت لەڕێگەی خواردنی ئەو خۆراکانەوە بێت کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی وەکو هێلکە، سەلەموون، شیر و چەند خۆراکێکی دیکە، یان لە ڕێگەی وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامینەکەوە بێت، ئەمەش پێویستە لەژێر چاودێریی پزیشکدا وەربگیرێت.
کەمیی ئەم ڤیتامینە دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی زۆربوونی شێرپەنجەی کۆڵۆن
نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن چین؟
دەکرێت کەسێک شێرپەنجەی کۆڵۆنی هەبێت بەبێئەوەی هیچ نیشانەیەکی لێدەرکەوتبێت، بەتایبەت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. دەشكرێت یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانە لە کەسەکەدا دەربکەون:
خوێندانان: بوونی خوێن لە پیساییدا یەکێکە لە نیشانە ئاگادارکەرەوەکان، تەنانەت ئەگەر یەک دڵۆپیش بێت. ئەم نیشانەیە راستەوخۆ بە واتای شێرپەنجە نایەت، بەڵکو هۆکاری دیکە زۆرن بۆ خوێندانان، بەڵام هۆکارەکەی هەر شتێک بێت، گرنگە کەسەکە سەردانی پزیشک بکات بۆ ئەوەی لە حاڵەتەکەی تێبگات و چارەسەری پێویست وەربگرێت.
سکچوون و قەبزی: گۆڕان لە شێوازی پیساییکردن و شێوەی پیساییدا دەکرێت نیشانەیەکی ئاگادارکەرەوە بێت
ئازاری گەدە
ئاوسانی سک
دابەزینی کێش بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو
رشانەوە
شەکەتی
هۆکاری شێرپەنجەی کۆڵۆن چییە؟
کۆمەڵێک هۆکار هەن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکەن:
بوونی مێژووی خێزانیی نەخۆشییەکە
جگەرەکێشان
زۆر خواردنەوەی مەی
قەڵەوی
زۆر خواردنی خۆراکی دەستکاریکراو و گۆشتی سوور
وەرزشنەکردن و نەبوونی چالاکیی جەستەیی
نەخۆشیی هەوکردنی ریخۆڵەکان
چارەسەری شێرپەنجەی کۆڵۆن چۆنە؟
هاوشێوەی بەشێكی زۆر لە شێرپەنجەکانی دیکە، شێرپەنجەی کۆڵۆنیش بە چەند رێگەیەکی دیاریکراو چارەسەردەکرێت: نەشتەرگەری، چارەسەری تیشک و چارەسەری کیمیایی.