نهنایوز-تەندروستی
گۆشت یەکێکە لەو خواردنانەى کەخواستێکی زۆری لەسەرە، لەرووى تەندروستیشەوە سوودى هەیە، بەڵام زیادەڕۆیکردن لەخواردنی زیانت پێدەگەیەنێت، هەروەها گۆشتی سوور سەرچاوەیەکى باشی ڤیتامین B12 و بوونى کانزاى زینک تێدا بەسوودە.
گۆشت، لەپاڵ هێلکە و سەرچاوە رووەکییەکانی وەکو پاقلە، باشترین سەرچاوەی پرۆتینە. جگەلەمەش، گۆشتی سوور دەوڵەمەندە بە ئاسن، زینک و جۆرەکانی ڤیتامین بی. هەرچەندە ئەمانە وادەکەن گۆشت بەگشتی و گۆشتی سوور بەتایبەت گرنگ بن، بەڵام خواردنیان بە رێژەیەکی زۆر مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکات.
زیانەکانی خواردنی گۆشت:
خواردنی بڕێکی زۆر لە گۆشتی سوور دەکرێت هۆکاربێت بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن، چونکە کۆمەڵێک ماددەی تێدایە دەکرێت زیان بە بۆماوە ماددەی خانەکان بگەیەنن. لەلایەکی دیکەوە، خواردنی گۆشتی دەستکاریکراو، واتە گۆشتی لەقوتوونراو یان گۆشتێک کە ماددەی پارێزەری تێکراوە، ئەگەری تووشبوون بە بەرزەفشاری خوێن زیاددەکات.
بەگوێرەی رێنماییەکان، نابێت رۆژانە زیاتر لە 70 گرام گۆشتی سوور بخورێت. ئەگەر کەسێک لە رۆژێکدا زیاتر لە 70 گرامی خوارد، دەتوانێت لە رۆژانی داهاتوودا نەیخوات یان کەمتر گۆشتی سوور بخوات بۆئەوەی زیانەکانی کەمببنەوە.
یەکێک لە زیانەکانی گۆشتی سوور، بەرزیی رێژەی چەورییە تێرەکانە، بەتایبەت گۆشتی مانگا و مەڕ. چەورییە تێرەکان رێژەی چەوریی خوێن بەرزدەکەنەوە و ئەگەری گیرانی بۆرییە خوێنەکانی دڵ زیاددەکەن.
خواردنی جگەری ئاژەڵ و پەلەوەر تەندروستە؟
جگەر دەوڵەمەندە بە ئاسن و ڤیتامین A. هەرچەندە هەردوو ماددەکە زۆر گرنگن، بەڵام زۆر خواردنی ڤیتامین A دەکرێت ببێتەهۆی لاوازبوونی ئێسکەکان. نابێت هیچ کەسێک رۆژانە زیاتر لە 1.5 میلیگرام ڤیتامین وەربگرێت. ئەو کەسانەی هەفتانە جگەر دەخۆن، جا بە شێوەی لەفە بێت یان شێوازی دیکە، ئەگەری تووشبوونیان بە ژەهراویبوون بە ڤیتامین A زیاتردەبێت.
ئەمە بەتایبەت لە خانمانی دووگیاندا گرنگە، چونکە خواردنی جگەر لەوانەیە زیان بە کۆرپەلەکەیان بگەیەنێت.
چەند رێنماییەکی گشتی:
لە کاتی کڕینی گۆشتدا، گۆشتی بێچەوری بکڕن
مریشك و قەل و قاز بەبێ چەرم بخۆن
گۆشتە دەستکاریکراوەکانی وەکو سۆسج مەخۆن
گۆشتی برژاو بخۆن باشترە لە گۆشتی سوورەوەکراو
لە کاتی لێنانی گۆشتدا رۆنی تێمەکەن
هەمیشە سەوزە لەگەڵ گۆشتدا بخۆن