پێویستە لە وەرزی هاویندا ئەم خواردنانە بخورێن
نهنایوز-تەندروستی
بۆ بەرنگاربوونەوەی بەرزی پلەی گەرما و کەمکردنەوەی کاریگەری لەسەر پێست و جەستە و پاراستنی لە وشکبوونەوە و ڕێگە گرتن له زۆربوونی کێش و قەڵەوی بێجگە لە خواردنەوەی بڕی گونجاو لە ئاو، پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بەم خۆراکانە لە وەرزی هاویندا.
دکتۆر کامهران رەسوڵ ژاژڵهیی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە کۆمەڵێك لە گرنگترین خواردنەکان کردووە کە بەمجۆرە:
١ . شووتی و کاڵەک: شووتی نزیکەی (٩٠%) ئاوە بێجگە لە بوونی بڕێکی لە ماددە ڕیشاڵیەکان و دژە ئۆکسانە بەهێزەکانی وەک لایکوپین و ڤیتامین ( A , C ) : ئەو ڤیتامینانەش زۆر گرنگن بۆ پاراستنی خانەکانی پێست، هەمان شت بۆ کاڵەکیش هەر ڕاستە.
٢ . زەڵاتەی وەرزی: کە لە تەماتە و ترۆزی یا خەیار یا کاهوو پێک هات بێت ؛ تەماتە دەوڵەمەندە بە لایکۆپین کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزە ، ترۆزی و خەیارو کاهوو لە ( ٩٥-٩٦%)پێکهاتوون بێجگە لە کانزای پۆتاسیۆم و ڤیتامین (C) و ماددە ڕیشاڵیەکان.
٣ . بێریەکان: بلۆبێری ، شلیک ، توو ، شاتوو: بڕێکی کەم لە کالۆری و بڕێکی باش لە ماددە دژە ئۆکسانەکان و ڤیتامینەکان و پۆتاسیۆمیان تێدایە.
٤ . ماسیە چەورەکانی وەک ماسی سەلموونکە دەوڵەمەندن بە چەورییە سوودبەخشەکان و ئۆمێگا - سێ ؛ هەروەهاسەرچاوەکانی تری ئۆمێگا سێ و چەورییەبە سوودەکانی وەک گوێز و فستق و بادام .
٥.گێلاس: دەوڵەمەندە بە ماددە دژە ئۆکسانەکان کە گرنگن بۆ پاراستنی پێست و پێکهاتنیماددەی کۆلاجین بێجگە لە بوونی پۆتاسیۆم و بڕێکی زۆر لە ئاو و بڕێکی کەم لە کالۆری.
٦ . ماست: سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتینو پڕۆبایتکەکانە بژاردەیەکی باشە لە کاتی ڕێجیم و خۆپاراستن لە قەڵەوی .
٧ . هەنار: سوودەکانی گەلێک زۆرن لە کۆتایی هاوین لە کاتی پێگەیشتنی هەناری خۆماڵی گرنگە ڕۆژانە بخورێت .
٨ . پاقلەمەنیەکان: سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتینو ماددە ڕیشاڵیەکان و وزەن .
٩ . ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە کانزای پۆتاسیۆم کە ڕۆڵێکی باڵای هەیە بۆ ڕێگریکردن لە وشک بوونەوەی جەستە و کەمکردنەوەی هەستی تینوویەتی وەک پڕتەقاڵ، ئەڤۆگادۆ، فاسۆلیا، سپێناخ، پەتاتە، تەماتە، ماست ، مۆز.
|