هۆکارەکانی وەستانی کێش لە کاتی ڕێجیم چییە؟ کەی جەستە چیتر چەوری ناسوتێنێت؟
نهانیوز-تەندروستی
هەندێکجار دوای چەند مانگێک لە کاتی ڕێجیم، کێشی مرۆڤ دەوەستێت لە ئاستێکی دیاریکراو، هەرچەندە ئەو کەسە بە تەواوی پابەندی پڕۆگرامی خواردنەکەیە و بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەندروستی هەبێت و لە سەرەتا زۆر بە باشی و خێرایی پێی دابەزیووە.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەڕەی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوەکردووە، جەستە ڕەنگە لە دابهزینی کێش بوەستێت، چونکه پاش ماوەیەک دەگاتە قۆناغێک کە پێیدەوترێت قۆناغی پلاتوو کە دوای شەش مانگ کەمتر یان زیاتر لە دایت و هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ:
جەستە سەرەتا ئاوی زیادە دەکاتە دەرەوە لە سەرەتای ڕێجیم لەش بۆ دابینکردنی وزەی پێویست پەنا دەبات بۆ سووتاندنی.
١ـ گلایکۆجینی خەزنکراو کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئاو پێکهاتووە بۆیە کێش بە خێرایی دادەبەزێت، بەڵام دوای ماوەیەک دووبارە گلایکجین خەزن دەکاتەوە کە دەبێتە زیادبوونی کێش یا وەستانی.
٢ـ کەمبوونەوەی ڕێژەی ماسولکەکان:
گەر بڕی پێویست لە ماددە پڕۆتینەکان نەخورێت و وەرزش و جوڵە کەم بکرێتەوە ئەوا جەستە بەشێک لە ماسولکەکان لە دەستدەدات و ئەوەش ڕێژەی سووتانی چەوری کەم دەکاتەوە.
٣ـ دابهزینی ڕێژهی سووتانی چەوری جەستە بێ بوونی کێشەی تەندروستی:
کەمکردنەوەی بڕی خۆراک بەشێوەیەکی زۆر و ناتەندروست دەبێتە هۆی هێواش کردنەوەی میتابۆلیزمی لەش.
٤ـ خۆگونجاندنی لەش لەگەڵ بڕێکی کەم لە خۆراک بەگوێرەی بیردۆزی (self Point theory).
٥ـ رەنگە جەستە بەردەوام بێت لە لەدەستدانی چەوری، بەڵام لەگەل وەرزشکردن لە دوای چەند مانگێک قەبارەی ماسولکەکان زیاد بکات، بۆیە کێشی مرۆڤ وەک خۆیەتی لە کاتی کێشاندا.
شێوازی چارەسەرکردنی:
١ـ زیادکردنی جوڵە و وەرزش.
٢ـ خواردنی بڕی پێویست لە پڕۆتینەکان و چەورییە بەسوودەکان و ماددە ریشاڵەکان لەگەڵ خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە ئاو.
٣ ـ چوونە بەر خۆر بۆ ماوەی سەعاتێک ڕۆژانە.
٤ - کەمکردنەوەی قەلەقی لەگەل نووستنی باش شەوانە.
٥ـ رۆژووی زانستی پچڕ پچڕ.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دکتور کامەران هۆشداری دەدات و دەڵێت" بیرمان نەچێت کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی و هەڵەی باو هەیە کە دەبێتە هۆی وەستانی کێش لە کاتی ڕێجیم، وەکو تەمەڵی غودهی دەرەقی، کۆنیشانەی کێشی هێلکەدان، کۆنیشانەی کوشتینک، خەمۆکی هتد".
|