تەندروستی

نیشانەکانی شێرپەنجەی گورچیلە چین، چۆن خۆمان بپارێزین؟

نها نیوز – هەواڵەکان

شێرپەنجەی گورچیلە بریتییە لە گەشەیەکی نائاسایی و کۆنترۆڵنەکراوی بەشێک لە خانەکانی ناو گورچیلە و یەکێک لە 10 شێرپەنجەی بڵاوه‌كانی جیهانه‌، کە زیاتر پیاوانی سەرەوەی 50 ساڵان تووش دەکات.

گورچیلەکان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیایین و چەندین فرمانی گرنگ لە جەستەدا بەڕێدەکەن، هاوشێوەی ئەندامەکانی دیکە گورچیلەکانیش مەترسیی تووشبوونیان بە چەندین نەخۆشی هەیە، تیاشیاندا شێرپەنجە.

شێرپەنجەی گورچیلە زیادبوونی کۆنترۆڵنەکراوی خانەکانی گورچیلەیە. گورچیلەکان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیایین و قەبارەی هەر یەکێکیان بەقەدەر مستەکۆڵەیەکە.

ژمارەی تووشبووانی ئەم شێرپەنجەیە لە زیادبووندایە و پسپۆڕان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە پشکنینی سیتی سکان زیاتردەکرێت و بەهۆیەوە زیاتر نەخۆشییەکە پێی دەزانرێت و دەستنیشاندەکرێت.

نیشانەکان:

بەگشتی لە سەرەتاکانی نەخۆشییەکەدا نیشانەیەکی ئەوتۆ دەرناکەوێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەکرێت ئەم نیشانانە دەربکەون:

هەبوونی خوێن لە میزدا، ئەمەش رەنگی میز دەگۆڕێت بۆ پەمەیی، سوور یان قاوەیی
کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
ئازارێکی بەردەوامی پشت یان لایەکان
هیلاکیی زۆر
کێشدابەزینی بێهۆکار
ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون زیاددەکەن
هەڵکشانی تەمەن: رێژی تووشبوون لە کەسانی بەتەمەندا زیاترە
جگەرەکێشان: کەسانی جگەرەکێش مەترسیی تووشبوونیان زیاترە و لە پاش وازهێنانیان لە جگەرەکێشان مەترسییەکە تیایاندا کەمدەکات
قەڵەوی
بەرزەفشاری خوێن
مێژووی خێزانی: واتە کەسێک لە خێزانەکەیدا تووشبووی نەخۆشییەکە هەبێت

شێوازەکانی خۆپارێزی

لەگەڵ ئەوەی رێگەیەکی دیاریکراو نییە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بەم جۆرەی شێرپەنجە، بەڵام خۆپاراستن لەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون زیاددەکەن باشترین رێگەیە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون، هەربۆیە گرنگە کەسەکە هەوڵبدات کێشێکی تەندروستی هەبێت، دووربێت لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول، ئەگەر بەرزەفشاری خوێنی هەبوو کۆنترۆڵی بکات، لانی کەم زۆرینەی رۆژەکانی هەفتە بۆ ماوەی 30 خولەک وەرزشبکات و ژەمە خۆراکییەکانی دەوڵەمەندبن بە سەوزە و میوەکان.
چارەسەری شێرپەنجەی گورچیلە لە زۆربەی بارەکاندا ئەگەر لە سەرەتای نەخۆشیەکە بێت ئەوا تەنها بە نەشتەرگەری و هەڵگرتنی شێرپەنجەکە چارە دەکرێت، بەڵام ئەگەر شێرپەنجەکە تەشەنەی کردبێت لەوانەیە بەتەنها نەشتەرگەری چارە نەکرێت، لەوانەیە پێویسیت بە چارەسەری  کیمایی و تیشکی بێت.

 

 

2025-06-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.