15 خولەک جوڵەی دوای نانخواردن بزانە چیت لێدەکات؟
نهانیوز-هەواڵەکان
پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێت " لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە 15 خولەک جوڵەی دوای نانخواردن، رێژەی هەڵمژینی شەکری خۆراک لە جەستەدا کەمدەکاتەوە" .
د. بینایی کامەران عارف، پسپۆڕێ خۆراک باس لە تەندروستترین خۆراکەکان دەکات ودەڵێت " گرنگە ئەو خۆراکانەی هەڵدەبژێررێن دەستکاریکراو نەبن، واتە مرۆڤ هێندە دەستکاریی نەکردبن و لە سروشتەوە نزیک بن، بۆ نموونە خۆراکەکانی وەکو پیتزا و پاستا و خۆراکە خێراکان زۆر دەستکاریکراون و نابێت رێژەی ئەو خۆراکە دەستکاریکراوانەی دەیخۆین، لەو خۆراکە سروشتی و تەندروستانە زیاتربێت کە رۆژانە لە ژەمەکانماندا هەن.
پزیشکەکە باسی لەوە کرد کە مرۆڤ بە هەڵبژاردنی ئەو خۆراکانەی دەیخوات، دەتوانێت تاوەکو راددەیەکی زۆر خۆی لە تووشبوون بە نەخۆشی بپارێزێت، ئەگەر کەسێک بزانێت چۆن خۆراکەکانی هەڵبژێرێت، دەتوانێت ژەمەکانی تەندروست، تامخۆش، ئاسان و هەرزانیش بن
هەروەها د، بینایی ئاماژە بەوە دەکات ئێستا لە زانستی نوێدا زیاتر جەختخراوەتە سەر پڕۆتینەکان و تاوەکو لە ژەمەکاندا هەبن باشترە، ئەو خۆراکانەشی دەوڵەمەندن بە پڕۆتین بریتین لە: گۆشت، مریشک، ماسی، هێلکە، برۆکۆلی، سپێناخ، جەرجیر، کولەکە، بامێ، سڵق، فاسۆلیا، نۆک، پاقلە، ماش و چەندین خۆراکی سروشتیی دیکە.
دەشڵێت "لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، 15 خولەک جوڵەی پاش نانخواردن، رێژەی هەڵمژینی شەکری خۆراکاکە لە جەستەدا کەمدەکاتەوە، جا ئیتر ئەم جوڵەیە هەرشتێک بێت، ئەمە دەکرێت هاوشێوەی کاتژمێرێک وەرزشکردنی رۆژانە سوودی بۆ تەندروستیمان هەبێت".
|