مەترسییەکانی گەرمکردنەوەی دووبارەی چا چییە؟
نهنایوز-هەواڵەکان
چا یەکێکە لە خواردنەوە تایبەتەکان کە زۆر کەس ئارەزووی دەکات هەروەها چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەوانە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر کە ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان دەکات.
بەپێی ماڵپەڕی ” times now” رۆژانە خواردنەوەی کوپێک چا لە جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ دەتپارێزێت و سووڕی خوێن باشتر دەکات بەڵام دووبارە گەرمکردنەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات.
دووبارە گەرمکردنەوەی چا یان کوڵاندنی دوای ماوەیەکی دیاریکراو لەوانەیە خواردنەوەکە لە تام و تایبەتمەندییە خۆراکیەکانی و تەنانەت بۆنەکەشی بێبەش بکات، ئەگەر چایەکە زیاتر لە چوار کاتژمێر هەڵگیرابێت، باش نییە دووبارە گەرم بکرێتەوە چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی گەدە، سکچوون، گرژبوونی گەدە و کێشەی دیکەی هەرس.
هەروەها دووبارە گەرمکردنەوەی چا چڕیی تانینەکان زیاد دەکات، پێکهاتە کیمیاییەکان کە بە پرۆتین و سێلولۆز و نیشاستە و کانزاکانەوە دەبەسترێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تامی چایەکە تاڵتر بێت.
هەرچەندە تانینەکان زیانیان نییە، بەڵام زیادەڕۆیی لە خواردنی ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەڵمژینی هەندێک ماددە خۆراکیەکان هەبێت، وەک ئاسن.
تەنانەت ئەگەر چای گیاییش ئامادە بکەیت ئەوا کاتێک گەرم دەکرێتەوە ماددە خۆراکیەکان و کانزاکانی لەدەست دەدات.
بە گوتەی شارەزایان، پێویستە ئەوەت لەبەرچاو بێت دووبارە گەرمکردنەوەی چا گەشەکردنی بەکتریاکان و ئەگەری ژەهراویبوون زیاد دەکات، هەمیشە ئەو بڕە چایە ئامادە بکە کە پێویستت پێیەتی.
|