بۆچی جەڵدەی دڵ لە پیاون دا زیاتر روو دەدات؟
نها نیوز - هەواڵەکان
جەڵدەی دڵ کاتێک ڕوودەدات کە خوێنی پێویست بە ماسولکەکانی دڵ نەگات، بەزۆری کاتێک ڕوودەدات کە گیران لە خوێنبەرەکانی تاجی دڵدا هەبێت و یەکێک لە گرنگترین، هۆکارەکانی ئەم ئاڵۆزییە چەوری خوێن یان کۆلیسترۆڵە .
نەخۆشیەکانی دڵ بەپێی شوێنی تووشبوونی نەخۆش بۆ چەند جۆرێک پۆلێن دەکرێن، کە بریتین لەو نەخۆشیانەى کە تووشی دەمارەکانی دڵ دەبن، یان تووشی ماسولکەکانی دڵ دەبن، یان ئەو نەخۆشیانەى کە تووشی زمانەکانی دڵ و پەردەی دڵ دەبن، کە بە پێی شوێنی تووشبوونی نەخۆشیەکە و جۆرەکەی دیاری دەکرێت.
بە پێی توێژینەوەکان، جەڵدەی دڵ لەڕەگەزی نێردا زیاتر ڕوودەدات، بەتایبەت تا تەمەنی 70 ساڵی، چونکە هەندێک هۆکارى فسیۆلۆژی هەیە لەخانماندا کە پارێزگاری لێدەکات و ڕێگری دەکات لە تووشبوون بەنەخۆشیەکانی دڵ تاتەمەنی (65-70) ساڵ، بەڵام لەدوای ئەو تەمەنەوە ژنان و پیاوان وەک یەک تووشی جەڵدەى دڵ دەبن و دەشتوانین بڵێین خانمان بە نزیکەى 7 بۆ 10 ساڵ دواتر لە ڕەگەزی نێر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن.
نیشانەکانی جەڵدەی دڵ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام هەندێک نیشانەی باوو هەن کە لە دوای ٣٠ ساڵییەوە لە پیاواندا هەستی پێدەکرێت کە دیارترینیان ئازاری سنگە.
بەپێی ماڵپەری "webmd" نیشانەکانی جەڵتەی دڵ لە پیاوانی سەروو ٣٠ ساڵ:
- هەناسە تەنگی
- ئارەقەکردنەوەی زۆر، تەنانەت لە کەشوهەوای ساردیشدا
- هێڵنج
- ڕشانەوە
- سەگێژخواردن و بورانەوە
- هەستکردن بە ماندوێتی لەڕادەبەدەر
- خێرا لێدانی دڵ
هەندێک هۆکار ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ لە دوای تەمەنی ٣٠ ساڵیەوە زیاددەکات لەوانە:
- جگەرە کێشان
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
- بەرزبوونەوەی کۆڵسترۆڵ
- شەکرە
- قەڵەوی
- تۆماری خێزانی
چەند ئامۆژگارییەک بۆ خۆپاراستن لە جەڵدەی دڵ:
- خواردنی خۆراکی تەندروست کە دەوڵەمەندە بە سەوزە و میوە
- وەرزشکردن
- وازهێنان لە جگەرە کێشان
- کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ و شەکری خوێن
- ئەنجامدانی پشکنینی پێش وەختە
|