گەدەت دەزانێت کەی شەوە و کەی رۆژە
نها نیوز - هەواڵەکان
هەمووان بیستویانە خواردن پێش چوونە ناو جێی نووستن خراپە و پێویستە لێیدووربکەوینەوە، بەڵام زۆر کەسیش دەڵێن: "شەوان بە دڵی خۆم شت دەخۆم، گەدەم چوزانێت شەوە." ئایا بەڕاستی گەدە نازانێت کەی شەوە و کەی رۆژە؟
لە توێژینەوەیەکی نوێدا، ئەوە سەلمێنراوە کە خواردنی شەوان کاریگەریی لەسەر کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە، یاخود ریتمی سیرکەیدیان دروستدەکات، ئەمەش لە دەرەنجامدا زیان بە زیندەچالاکییەکانی جەستە دەگەیەنێت و رێژەی شەکری خوێن لە بەیانیاندا ٪19 بەرزدەکاتەوە.
هەر بەپێی توێژینەوەکە، 19 گەنجی تەندروست بەشدارییانکرد و کران بە دوو کۆمەڵەوە. بەشداربووەکان بۆ ماوەی 14 رۆژ شەفتی کارکردنیان خرایە شەوان. کۆمەڵەیەک لە بەشداربووان شەوان نانیان دەخوارد و کۆمەڵەکەی تریش بە رۆژ نانیان دەخوارد. توێژەرانیش بەراوردیی پلەی گەرمی جەستە، شەکری خوێن و ئینسولینیان کرد بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی خواردنی شەوان لەسەر زیندەچالاکییەکان جەستە لە هەردوو کۆمەڵەکەدا.
دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەیان نیشاندا، کە خواردنی شەوان ناڕێکی لەنێوان کاتژمێری ناوەندیی مێشک و ریتمی زیندەچالاکییەکانی جەستەدا دروستدەکات. ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی شەکری خوێن لە بەیانیاندا و نارێکی کۆنترۆڵکردنی شەکر، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە شەکرە.
هاوکات لەو کۆمەڵەیەدا کە شەوان نانیان دەخوارد رێژەی شەکری خوێنیان پاش خواردن 19٪ بەرزتربوو بەرامبەر بەو کۆمەڵەیەی بەیانیان نانیان دەخوارد. کاردانەوەی ئینسولینیش 52٪ کەمتربوو بۆ رێکخستنی رێژەی شەکر، ئەمەش ناڕێکیی لە رێژەی شەکری خوێندا دروستدەکات.
بە کورتی، گەدەت دەزانێت کەی شەوە و کەی رۆژە.
|