یارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ منداڵان مەترسییەکەی ئاشکراکرا
نها نیوز - هەواڵەکان
پسپۆڕێكی چارەسەری گرفتی منداڵان رایگەیاند، یاریی ڕۆبڵۆكس، كاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنی پەروەردەیی و دەروونیی منداڵان هەیە. چونکە لەڕووی كۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەوە سانسۆر نەكراوە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر داواكاریی بەشێك لە هاونیشتمانیان، تاوتوێی ڕاگرتنی یاریی ئەلیکترۆنیی ڕۆبڵۆكس دەكات، بەمەبەستی دوورخستنەوەی منداڵانی كوردستان لە زیانەكانی.
بەڕێز عەبدوڵڵا، پسپۆڕی چارەسەری گرفتی منداڵان وتویەتی "لایەنی نەرێنیی یاریی ئەلیكترۆنیی ڕۆبڵۆكس ئەوەیە؛ هیچ فلتەر و سانسۆرێك لەسەر بەكارهێنانی ئاپەكە نییە و هەموو تەمەنێكی جیاواز دەتوانن بەكاریبهێنن".
وتیشی "لەپاڵ ئەوەشدا، چەندین گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ بەكارهێنەرانی دروستكردووە، لەوانە: ئاڵوودەبوون بە بەكارهێنانی پرۆگرامەكە، زیانی ئابووری بەهۆی كڕینی بەڵانس بۆ بەشداریكردن لە لیڤیڵەكانی یارییەكە، گێچەڵ پێكردنی منداڵان لەڕێگای چاتەوە، هەڕەشەكردن، زیادبوونی هەستی توندوتیژی، ئاشنابوون بە ڕەفتاری سێكسوالێتی لە تەمەنی خوار پێگەیشتن، هاندانی هاوڕەگەزبازی و چەندین كاریگەریی نێگەتیڤی دیكە".
جێی باسە ڕۆبڵۆکس یارییەکی ئۆنلاینە، سەدان ملیۆن بەکارهێنەری لە سەرتاسەری جیهان هەیە و بەشێکی زۆریان منداڵن، لەماوەی ڕابردوودا یارییەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە لەسەر ئەوەی هیچ ڕێکارێکی تایبەتی بۆ پاراستنی منداڵان نەبووە، ئەمە ناڕەزایەتیی دەیان هەزار خێزانی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە و لە چەند وڵاتێكیش یارییەكە قەدەغە كراوە.
|