مەترسییەکی گەورە لەسەر (چات جی پی تی) ئاشکراکرا
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند، خەڵک باسی هەموو شتێکی کەسییان بۆ (چات جی پی تی) دەکەن و وەکو چارەسەرکارێکی دەروونی بەکاریدەهێنن، بێ ئاگا لەوەی کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ چاتبۆتەکە پارێزراو نین.
سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی (چات جی پی تی)، لە چاوپێکەوتنێکی پۆدکاستێکدا ئاشکرایکرد "خەڵک باسی هەموو شتە تایبەتییەکانیان بۆ (چات جی پی تی) دەکەن".
سام زیاتری ئاشکراکرد و وتیشی "ئەگەر لەگەڵ چارەسەرکارێکی یان پارێزەرێک یان پزیشکێک قسە بکەیت دەربارەی ئەو کێشانە، مافێکی یاسایی هەیە بۆ پاراستنی نهێنییەکان و گفتوگۆکان، بەڵام ئێمە هێشتا نازانین چۆن ئەمە بۆ (چات جی پی تی) بکەین، کاتێک قسەی لەگەڵدا دەکەیت".
وەک خاوەنی ئەو کۆمپانیایە دەڵێت "کاتێک باس لەم گفتوگۆ هەستیارانە دەکرێت، پیشەسازیی ژیریی دەستکرد هێشتا رێگایەکی نەدۆزیوەتەوە کە چۆن نهێنیی بەکارهێنەر بپارێزێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی ژیریی دەستکرد لەگەڵ سیستمی یاسایی ئەمڕۆدا، ئەڵتمان رونیکردەوە "یەکێک لە کێشەکانی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی یان سیاسەتێکی تایبەت بۆ ژیریی دەستکرد ئەوەیە کە هیچ پاراستنێکی یاسایی بۆ گفتوگۆکانی بەکارهێنەران نییە".
سام نەیشاردەوە کە ئەمە دەتوانێت ببیتە مایەی نیگەرانیی بەکارهێنەران لە حاڵەتی داوای یاساییدا، چونکە (ئۆپن ئەی ئای) بەشێوەیەکی یاسایی پێویستە گفتوگۆکان پێشکەشی دادگا بکات ئەگەر داوای لێبکرێت.
|