هەمەڕەنگ

هەوای ناو ماڵ کاریگەری لەسەر پەستانی خوێن دەبێت

نهانوز-هەمەرەنگ

توێژینەوەیەکی ئەم دواییە ئاشکرایکردووە، باشترکردنی کوالێتی هەوای ناوماڵ لە ماڵدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەستانی خوێن هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی لە نزیک ڕێگا سەرەکییە قەرەباڵغەکان دەژین.

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، باشترکردنی کوالێتی هەوای ناوماڵ کاریگەرییەکانی پیسبوونی هاتووچۆ لەسەر جەستە پێچەوانە دەکاتەوە.

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە باشترکردنی کوالێتی هەوای ناوماڵ بە بەکارهێنانی فلتەری هەوا بە شێوەیەکی سروشتی پەستانی خوێن دادەبەزێنێت.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی لە نزیک ڕێگاوبانەکان دەژین، پەستانی خوێنیان بەرزتر بووە، بەڵام دوای بەکارهێنانی فلتەری هەوا، پەستانی خوێنیان دابەزیوە.

دۆگ بروگ، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە و مامۆستای زانکۆی کۆنتێکتیکۆت ڕایگەیاندووە، توێژینەوەکە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ڕێگاوبانەکان لەسەر کۆمەڵگاکانی ناوچەی بۆستن شیکردووەتەوە.

توێژەران بە کەڵک وەرگرتن لە ئامێری پاککەرەوەی هەوا بە فلتەر و ئامێری دیکەی بێ فلتەر تەیارکراون، هەروەها لە سەرەتا و کۆتایی توێژینەوەکەدا پەستانی خوێنیان پێوانە کردووە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە فلتەری HEPA (جۆرێک لە فلتەرێکە کە توانای ڕێگریکردنی لانیکەم لەسەدا ٩٩.٩٧ی گەردیلە وردەکانی هەیە) بەکاردەهێنن، دوای مانگێک لە بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە تووشی دابەزینی پەستانی خوێن بوون.

ئەو کەسانەی کە ئامێری دیکەیان بەکارهێناوە، هیچ جیاوازییەکی بەرچاویان لە پەستانی خوێنیاندا هەست پێنەکردووە.

ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا یەکدەگرێتەوە کە دەریانخستووە بەکارهێنانی فلتەری هەوای HEPA پەستانی خوێن باشتر دەکات.

بروگ ڕوونیکردەوە، “پاککەرەوەی هەوا سوودی زۆریان هەیە و جگە لە تێچوون هیچ لایەنێکی خراپی نییە”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ئامێرانە دەتوانن تۆز و خۆڵ و دوکەڵی ئاگر لاببەن، هەروەها یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هەوای وەک کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا.

9کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.