نهانیوز-هەواڵەکان
زانکۆیەک لە وڵاتی چین، دەستکەوتێکی گەورەیان لە بواری بیناسازی و تەکنۆلۆژیا راگەیاند و سەرکووتووبوون لە درووستکردنی جۆرێک چیمەنتۆی نوێ کە گەرمی دەگۆرێت بۆ کارەبا.
بیهێنە بەرچاوت ئەو بینایانەی تێیدا دەژیت یان ئەو شەقامانەی کە ڕۆژانە پێیان دا دەڕۆیت، کارەبای خۆیان بەرهەم دەهێنن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پانێڵی خۆریان تۆرباینەکانی با هەبێت. ڕەنگە ئەمە چەند ساڵێک لەمەوبەر وەک فیلمێکی زانستی خەیاڵی دەرکەوتبێت، بەڵام ئەمڕۆ بە دۆزینەوەی چیمەنتۆیەکی نوێ کە گەرمی دەگۆڕێت بۆ کارەبا، ئەم ئایندەیە ئەوەندە دوور نییە.
کۆمەڵێک توێژەر بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر" ژۆ یانگ" لە زانکۆی باشووری ڕۆژهەڵات لە چین سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی چیمەنتۆ-هایدرۆجیل کە هەم دەتوانێت کارەبا بەرهەم بهێنێت و هەم هەڵیبگرێت. ئەم دەستکەوتە دەتوانێت شۆڕشێک لە تەلارسازی و بیناسازی و تەکنەلۆژیای شارە زیرەکەکاندا بکات.
ئیلهامبەخشی ئەم داهێنانە پێکهاتەی چیندار بوو لە لقەکانی ڕووەک، توێژەران بە ھاوشێوەکردنی ئەم پێکهاتە سروشتییە، ئاوێتەیەکیان دیزاین کردووە کە توانای ھەڵمژینی وزەی گەرمی ھەیە و بیگۆڕێت بۆ کارەبا.
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە ئەم چیمەنتۆ نوێیە دە هێندە بەهێزترە لە کەرەستە کارەباییە گەرمییەکانی پێشوو کە لەسەر بنەمای چیمەنتۆ دروستکراون.
گرنگترین تەحەدای بەرهەمهێنانی کارەبا لە چیمەنتۆوە، جووڵەی هێواشی ئایۆنەکان بوو لەناو چیمەنتۆدا. چیمەنتۆی ئاسایی پێکهاتەیەکی کۆنکرێتی هەیە، ئەمەش ڕێگری دەکات لە جوڵەی ئایۆنەکان بە ئاسانی، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە توێژەران پێکهاتەیەکی فرە چینیان داهێنا کە تیایدا چینەکانی چیمەنتۆی تەقلیدی لەگەڵ چینەکانی هایدرۆجیل تێکەڵ دەکرێن.
ئەم دیزاینە نەک هەر جوڵەی هەندێک ئایۆن خێراتر دەکات، وەک OH−، بەڵکو بە دیزاینکردنی زیرەکی سنوورەکانی نێوان چینەکان، جوڵەی ئایۆنەکانی کالیسیۆمیان بە شێوەیەک ڕێکخستووە کە کارایی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم چیمەنتۆ نوێیە، توانای هەڵگرتنی کارەبایە، ئەمەش واتە ئێمە مامەڵە لەگەڵ مادەیەکدا دەکەین کە هەم دروستکەرە و هەم بەرهەمهێنەو هەم توانای هەڵگرتنیشی هەیە .
توێژەران پێیان وایە ئەم تەکنەلۆژیایە نەک تەنها دەتوانێت بەکارهێنانی وزە لە باڵەخانەکاندا کەم بکاتەوە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی شارە بەردەوام و زیرەکەکان.
ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ماڵەکانمان نەک تەنها شوێنی ژیان بن، بەڵکو وێستگەی کارەبای بچووک و زیرەک بن کە لە سروشتەوە ئیلهامیان وەرگرتووە.
سەرچاوە : interestingengineering