نها نیوز - هەواڵەکان
یەکێک لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت رایگەیاند، تا 2035 زیرەكی دەستكرد جێگای پزیشك و مامۆستاو وانەی تایبەت دەگرێتەوە.
بیل گەیتس یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دەڵێت "رەنگە تاوەكو ساڵی 2035 زیرەكی دەستكرد شوێنی پزیشك و مامۆستاو پیشەكانی تر بگرێتەوە".
سەبارەت بە هۆکارەکەی گەیتس وتی "لەگەڵ گەشەسەندنی تواناكانی زیرەكی دەستكرد لەمامەڵەكردندا لەگەڵ كارامەیی تایبەتمەندی مرۆڤدا، ئامۆژگارییە پزیشكییە و وانەی تایبەتی دەبن بە خۆڕایی".
وتیشی "لەماوەی كەمتر لە یەك دەیەدا، تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد، ئامۆژگاری پزیشكی و وانەی تایبەتی بواری خوێندن بەشێوەی خۆڕایی فەراهەم دەكات؛ ئەمە وادەكات خەڵكانی پسپۆڕ كە ئەمڕۆ دەگمەن و پڕ خەرجین، بۆ هەمووان فەراهەم بێت".
ئەو ئەندامەی دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ زیادبوونی توانای زیرەكی دەستكرددا، پێشبینی ئەوە دەكرێت ئەم سیستەمە ئەرك لە بوارەكانی وەكو خزمەتگوزاریی لۆجستی، بەرهەمهێنان، گواستنەوە و كشتوكاڵ بگرێتە ئەستۆ، ئەمانەش كۆمەڵێك بوارن كە لەسەرتاسەری جیهاندا ملیۆنان هەلی كاریان بۆ خەڵك رەخساندووە.
بیل گەیتس دەشڵێت "ئەم گۆڕانكارییانە ئایندەیەك دروستدەكەن كە تێیدا هەفتەی كاركردن كورتتر دەبێتەوە و زووتر خانەنشینبوون روودەدات و كاتی بەتاڵی زیاتر دەبێت، بەڵام مەترسی پەككەوتنی ئابووریی و زیادبوونی بێكاریی و فراوانبوونی نایەكسانیی هەیە".