زریانێکی موگناتیسی روو لە زەوی دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
پسپۆڕانی تاقیگەی فەلەکناسی خۆر لە ئەکادیمیای زانستی روسیا رایانگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا زریانێکی موگناتیسی روو لە زەوی دەکات.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە چالاکییەکانی خۆر لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزدایە، لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا 11 جار درەوشانەوەی نوێی بە پلەی مامناوەند روویداوە، هەرچەندە بڵێسەکانی بەهێز نین، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر زەوی بەدەردەکەوێت.
ئەو پسپۆڕانە پێشبینیش دەکەن، لە 10 و 11ی نیساندا تێکچوونی کێڵگە موگناتیسیەکانی زەوی و زریانی موگناتیسی رووبدات.
ئەوەشیان خستووەتە روو، لە شەوی 6ی نیساندا زریانی موگناتیسی G1 و G2 لاواز و مامناوەند روویداوە.
هاوکات بەوتەی پسپۆڕانی تاقیگەی فەلەکناسی خۆر "هۆکاری سەرەکی دیار بۆ تێکچوونی دۆخی جیۆموگناتیسی زاڵبوونی پێکهاتەیەکی نەرێنی بەهێزی کێڵگە موگناتیسییەکەیە لە بای خۆردا، ئەم پێکهاتەیەش ئاماژە بە ئاراستەی پێچەوانەی کێڵگەی زەوی دەکات".
|