هەمەڕەنگ

تیکتۆک کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دروستدەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە سکاڵایەکی نوێدا بەرامبەر بە تیکتۆک دەڵێت، رێگەدان بە بەردەوامبوونی پلاتفۆرمەکە لە ئەمریکا، لەوانەیە رێگە بە حکومەتی چین بدات کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دروستبکات.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە سکاڵایەکی نوێدا بەرامبەر بە پلاتفۆرمی تیکتۆک، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی "ئەلگۆریتمی تیکتۆک کاریگەریی لەسەر بۆچوونی ئەمریکییەکان دروستبکات بۆ مەبەستی خۆی، هەروەها داواکاری گشتی لە داواکەدا نووسیویەتی بەردەوامبوونی تیکتۆک "هەڕەشەیەکی قبوڵنەکراو بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروستدەکات.

ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات، پەیوەندییەکانی تیکتۆک لەگەڵ چین، لەوانەیە زانیاریی کەسیی ئەمریکییەکان بۆ حکومەتی چین ئاشکرابکات، ئەمەش لەکاتێکدایە، تیکتۆک و کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنی، چەندین جار ئەم تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا، کۆمپانیای تیکتۆک سکاڵای دژی حکومەتی ئەمریکا تۆماریکرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگەگرتن لە یاسایەک کە لەوانەیە بێتە هۆی قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنەکە لە سەرتاسەری وڵاتدا.

یاساکە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە لە مانگی نیسان واژۆکرا، کە تیکتۆک ناچاردەکات تاوەکو ناوەڕاستی کانوونی دووەمی 2025، خاوەنێکی نوێ بدۆزێتەوە، ئەگەرنا بەتەواوی لە ئەمریکا قەدەغەدەکرێت.
 
2024-07-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.