سودانی و مالیکی دەکەونە پێشبڕکێی پارتییەوە بۆ "هاوپەیمانی"ـیەک و بارزانیش دوودڵە
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نوری مالیكی، سەرۆكی حزبی دەوڵەتی یاسا بە ئاڕاستەی دژ بەیەك هەوڵی پێكهێنانی "هاوپەیمانی هێزەکان" دەدەن، بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوەکو ئێستا رەزامەندی کۆتایی دەرنەبڕیووە بەپێی سەرچاوەکان کە بۆ رۆژنامەکە قسەیانکردووە "رەتیشیان نەکردووەتەوە". بەڵام سودانی بۆ رازیكردنی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ئەو هاوپەیمانییە؛ دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەرژەوەندی خۆی بەكاردەهێنێت.
ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە ڕاپۆرتێكدا رایگەیاند "سەرەڕای نادڵنیایی لەبارەی ئەگەری بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا، بەڵام لە پشت پەردە سیاسییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، باس لە نەخشەیەکی هاوپەیمانییەتیی ئەگەری دەکرێت، کە هێشتا نادیارە بەهۆی دابەشبوونی ناو هێزەکانی پێکهاتە سەرەکییەکان، شیعە، سوننە و کورد".
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە "کەمتر لە دوو مانگ پێش هەڵبژاردنی یاسادانان لە مانگی (تشرینی دوەم/11) ئەمساڵ، گۆڕەپانی سیاسیی شیعە دابەشبوونێکی ئاشکرای بەخۆوە بینیوە لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"، کە هاوپەیمانییەکە لەدیارترین پارت و گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران پێکدێت".
هەروەها، سەرەڕای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی سودانی بەڕێوەدەبات، بەڵام ناکۆکیی قوڵ لەنێوانیاندا سەریهەڵداوە، بە تایبەت لەنێوان نوری مالیکی و سودانی، کە لەلایەن هەندێک لایەنی خودی چوارچێوەکەوە پشتیوانی دەکرێت.
هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە هەوڵەکان دەکەن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک کە بە "بەهێزەکان" ناسراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، و هاوپەیمانیی "دەوڵەتی قانون"، لەگەڵ هاوپەیمانیی سوننەی "عەزم" بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕائی لەخۆدەگرێت.
لەو چوارچیوەیەدا سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، سامەڕائی زۆرترین پەرۆشی هەیە بۆ پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەردوو لایەنی، مالیکی و قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق لەچوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ بارزانی. بەڵام سەرچاوەکانی تر پێیان وایە کە "ئەم هاوپەیمانییە هێشتا پێویستی بە زۆر شت هەیە تا پێبگات".
شەرقولئەوسەت بە پشتبەست بە سەرچاوەکانی باسی لەوەشکردووە "پاڵنەرەکانی سامەڕائی لە لاوازکردنی نەیارەکانی لە هێزە سیاسییە سوننەکان، و لە سەرویانەوە سەرۆکی پەرلەمانی لەسەر کار لابراو محەمەد حەلبوسی، و خۆسەپاندنی وەک نوێنەری یەکەمی پێکهاتەی سوننەوەیە".
لەلایەکی دیکەوە، هەردوو محەمەد شیاع سودانی و نوری مالیکی لە دوو ئاراستەی جیاوازدا کار دەکەن بۆ قایلکردنی "پارتی دیموکراتی کوردستان" بە هاوپەیمانیی داهاتوو؛ بەپێی سەرچاوەکان، سودانی هەوڵدەدات ڕێگری لە گەڕانەوەی مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت یان کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بکات.
سەرچاوەکان وتوشیانە "ئەگەر هەیە خەزعەلیش گرنگی بە هاوپەیمانیی پێشنیار کراو بدات، بەهۆی دودڵییەوە لە پشتیوانیکردنی وەرگرتنی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی لەلایەن سودانییەوە، جگە لە پەسەندکردنی پەیوەندی باشی لەگەڵ سامەڕائی، کە لەناو گۆڕەپانی سوننەدا لە حەلبوسی نزیکترە".
بەوەیش سەرچاوەکان ئاماژە بە "چارەسەرکردنی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کێشە داراییەکانی لەلایەن سودانییەوە دەكەن، كە سەرۆك وەزیران ئەو هەلە دەقۆزێتەوە بۆ قایلکردنی بارزانی بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵیدا لە داهاتوویەکی نزیکدا".
پێشتریش فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی ڕایگەیاندبوو "ڕێگرییەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لابراوە"، ناوبراو بەبێ ئەوەی ڕونبکاتەوە چۆن، ئەوەش لەکاتی لێدوانێکدا بوو کە لە نیویۆرکەوە دابووی.
سەرچاوەکان دەڵێن "ئەوەی (هاوپەیمانیی بەهێزەکان) گریمانەیی کۆدەکاتەوە، ویستی ئەندامەکانیەتی بۆ ڕێگریکردن لە خولی دووەم بۆ سودانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوەی ڕێگری لە پێکهێنانی دەکات، "بڕیاری کۆتایی بارزانییە لەبارەی هاوپەیمانی داهاتووی لە بەغدا".
جگە لەوەش کفاح مەحمود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دان بە قورسیی پێشبینیکردنی هاوپەیمانییە ئەگەرییەکاندا دەنێت بۆ "شەرقولئەوسەت" و باس لەنێوان پارتی و هێزە شیعە یان سوننەکانی تردا دەکرێت.
کفاح جەخت لەسەر گرنگیی "سەنگی هەڵبژاردنەکان" دەکاتەوە لەدیاریکردنی شێوەی هاوپەیمانییەکانی داهاتوو.
ڕاوێژکارە کوردەکە پێیوایە "دۆخی ناو هەرێم تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ هیچ جوڵەیەکی هاوپەیمانێتی یان هەڵبژاردن بەرەو پارتە عەرەبییەکان، چونکە هەردوو پارتی سەرەکی هێشتا نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، سەرەڕای پێشبینییەکانی کاراکردنەوەی کاری پەرلەمانی هەرێم لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کە بەداخەوە ڕوینەدا".
راوێژکارەکەی راگەیاندنی مەسعود بارزانی ئەو کارە ناو دەنێت "بنەما ستراتیژییە نەگۆڕەکان" بڕیار لە هەنگاوەكانی پارتی و هێزە کوردییەکانی دیکە بەرامبەر بەغدا و حزب و كوتلەكان دەدەن، لەدیارترین ئەو نەگۆڕانەش، چارەسەرکردنی دۆسییەی نەوت و وزە، پرسی ئاڵۆزی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ باوەڕبون بە پرەنسیپە دەستورییەکان، سیستەمی فیدراڵی و رێزگرتن لە دەسەڵاتەکانی هەرێم.
دەشڵێت "هیچ ڕێککەوتنێکی پێش هەڵبژاردن گرنگیی ڕاستەقینەی نییە، مەگەر بە نیازی ڕاستگۆیانە بۆ جێبەجێکردنی هاوپەیمان بێت. پێشتر دەیان ڕێککەوتنمان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لە بەغدا واژ کردووە، بەڵام جێبەجێ نەکران. و ئەمجارە بڕیارێکی کوردی هەیە بۆ جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێک کە دەبەسترێت، بەبێ پاشگەزبوونەوە یان ساختەکاری".
وەک کفاح مەحمود دەڵێت "پارتی و سەرۆکەکەی گرنگی بەو لایەنە سیاسییانە نادەن کە هەوڵدەدەن سەرنجیان ڕابکێشن، بەڵکو بەشێوەیەکی سەرەکی بایەخ بە گرنگی ئەو هاوپەیمانێتیە و رەنگدانەوەی ئەرێنی دەدات لەسەر کوردستان و عێراق بە گشتی".
پەیوەست بەو بابەتەوە سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی "دەوڵەتی قانون" بە بە شەرقولئەوسەتی وت "ئەگەری سەرکەوتنی جوڵەکانی موسەننا سامەڕائی یان کەسایەتییە سیاسییەکانی تر ڕەتناکەینەوە، لەناو دانوستانە سەرەتاییەکانی نێوان پارت و کوتلەکاندا وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و قۆناغی دواتر".
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند "سەرکردایەتی دەوڵەتی قانون ڕۆژانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران و سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکان دەکات، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنێکی نوێ نەهاتووەتە ئاراوە".
سەرچاوەکە ئەگەری هاوپەیمانیکردن لەگەڵ "پارتی دیموکراتی کوردستان" یان پارتەکانی تر لە قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەتناکاتەوە.
سەرچاوەکە پێشبینی دەکات کە خولی پەرلەمانیی داهاتوو، بەهەمان ڕێڕەوەكانی پێشودا دەڕوات، واتە "هێزە شیعەکان سەرەتا هاوپەیمانی دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، پاشان بەرەو پارت و کوتلە سوننە و کوردییەکان دەجوڵێن. لە ئەنجامدا، دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هاوپەیمانیی (بەڕێوەبردنی دەوڵەت) کە حکومەتی ئێستای پێکهێنا، لە خولی داهاتوودا ئەگەرێکی زۆرە".
بەڵام سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گلەیی ئەوە دەکات کە ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکان لەگەڵ هێزە کاراکانی بەغدا لە خولەکانی پێشوی پەرلەماندا جێبەجێنەکراون، بەتایبەت لەبارەی دۆسییەکانی دارایی و نەوتەوە.
ئامادەکردنی/ نها نیوز
|