راپۆرت

ئێران رۆبۆتە شەرکەرەکەی نمایش کرد

نها نیوز –راپۆرت

ئێران پێشکەوتوترین چەکی سەربازی نمایش کرد، کە توانایەکی لەرادەبەدەری ئەنجامدانی ئەرکی جۆراوجۆری هەیە لەوانە سیخوڕی، پشتیوانی ئاگر، شەڕی چەکداری و ئۆپەراسیۆن لە بارودۆخی سەختی مەیدانیدا.

ئەمرۆ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025 هێزی زەمینی سوپای ئێران، پەردەی لەسەر ڕۆبۆتێکی شەڕکەری فرە مەبەست بە ناوی "ئاریا "لادا.

میدیاکانی ئێران ئەو چەکەیان بە ڕۆبۆتێکی زیرەک وەسفکردووە کە بە سیستەمی پێشکەوتوو تەیارکراوە، توانای ئەنجامدانی ئەرکی جۆراوجۆری هەیە لەوانە سیخوڕی، پشتیوانی ئاگر، شەڕی چەکداری و ئۆپەراسیۆن لە بارودۆخی سەختی مەیدانیدا.

"ئاریا"، سیستەمێکی پاڵنەری تێکەڵ بەکاردەهێنێت، لەم سیستەمەدا بزوێنەری سووتەمەنی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چالاک دەبێت و لە کاتی کەمبوونەوەی شەحنی پاتریدا پاترییەکان بارگاوی دەکاتەوە، ئەمەش خێراییەکەی 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بۆ دابین دەکات.

هەموو پێکهاتە دەرەکییەکانی ڕۆبۆتی "ئاریا "بە تایەی ئۆتۆمبێل و جەستەی سەرەکییەوە بە دیزاینێکی دژە فیشەک دروستکراون و سیستەمی زیرەکی دەستکردی ڕۆبۆتەکە ڕێگەی پێدەدات ئەرکی تەواو ئۆتۆماتیکی و سەربەخۆ ئەنجام بدات.

ڕۆبۆتی "ئاریا" بە دۆشکەیەکی 7.62  ملم تەیار کراوە کە مەودای کاریگەرە تا 2 کم. ئەم چەکە بە تەواوی لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و لە ڕێگەی وێستگەیەکی زەمینیەوە ڕێنمایی دەکرێت.


ڕۆبۆتەکە چەندین جۆری کامێرای  پێشکەوتووی تێیدایە، ئەگەر گوێی لە دەنگێکی گوماناوی بوو یان جوڵەی بینی ئەوا سیستەمەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی شوێنپێی سەرچاوەکە دەگرێت و کامێراکە بەرەو ئەو ئاڕاستە دەکات.

وێستگەی کۆنترۆڵکردنی ڕۆبۆتەکە لە دوو بەش پێکدێت کە بریتین لە بەشی کۆنترۆڵکردنی جوڵە و بەشی کۆنترۆڵکردنی چەک.
ئەم دیزاینە ڕێگە بە ڕێنمایی و بەشداریکردن دەدات لە یەک کاتدا لەلایەن دوو بەڕێوەبەرەوە. هەروەها سیستەمی "ئاریا" لەسەر بنەمای تۆڕ، توانای کۆنترۆڵکردن و هەماهەنگی لەگەڵ چەند ڕۆبۆتێکی دیکەی هەیە، وەک ڕۆبۆتی "حەیدەر".
 
ئەم رۆبۆتە دەتوانێت زیاتر لە هەفتەیەک لە دۆخی ئامادەباشیدا بمێنێتەوە لە شوێنێکدا بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێت. 

ڕۆبۆتی "ئاریا" هێمای هێز و دەسەڵاتی بەرگری ئێرانە، کە وێڕای بەرزکردنەوەی توانای ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکان، وەک خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی پیشەسازی بەرگریی وڵاتدا ناسێنراوە و داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر و بەهێز بۆ ئێران لە بواری تەکنەلۆژیای ڕۆبۆتی سەربازیدا دروست دەکات.

ئامادەکردنی: س.ش

 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.