راپۆرت

ئەمەریکا گورزێکی کەمەرشكێن لە عێراق دەدات و سوپرایزێکیش بۆ هەرێم دەکات

نها نیوز –راپۆرت

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا هاوکارییەکانی بۆ سوپای عێراق کەم دەکاتەوە و بۆ پێشمەرگەش زیاتر دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگی (وەزارەتی پێشووی بەرگری) بۆ ساڵی 2026 پەسەند کرد.

کەناڵی کەی24 کە میدیای نزیک لە حزبی پارتی دیموکراتی کوردستانە رایگەیاندووە "ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگی (وەزارەتی پێشووی بەرگری) بۆ ساڵی 2026 پەسەند کرد".

ئاماژەی بەوەشداوە، بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتەکە بە نزیکەی 961.6 ملیار دۆلار دیاریکراوە و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەخۆ دەگرێت.

بەوپێیەش بێت، لە بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، تەرخانی دارایی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاترە لەوەی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق دیاریکراوە.
 
هاوکات لە بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، بڕی 61.014 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردن و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە. ئەم بڕەش بەراورد بە تەرخانکراوی ساڵی 2025، 4.7 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.

هەروەها، لەو ژمارەیەش 11 ملیۆن و 80 هەزار دۆلاری بۆ چەک، 5 ملیۆن و 321 هەزار دۆلاری بۆ تەقەمەنی، 27 ملیۆن و 507 هەزار دۆلاری بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی، 17 ملیۆن و 106 هەزار دۆلاری دیکەشی بۆ جلوبەرگ و کەرەستەی دیکەیە.
 
بەڵام لەبارەی هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، میدیای پارتی باس لەوە دەکات، کە پێنتاگۆن 48 ملیۆن و 419 هەزار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی بەرگریی عێراق تەرخان کردووە. ئەو بڕەش بەراورد بە ساڵی 2025، 141 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.

جگە لەوەش، لەو ژمارەیەش بە بەهای 12 ملیۆن دۆلار 100 مووشەکی هێڵفایەر دەداتە وەزارەتی بەرگریی عێراق. 13 ملیۆن دۆلاریشی بۆ سیستم و ئامێری پەیوەندیکردن.
 
روونیشکراوەتەوە، لە بودجەی 2026، 65 ملیۆن و 595 هەزار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی دژە تیرۆری عێراق تەرخان کراوە. ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، 56 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە. لەو بڕەش 32 ملیۆن دۆلار بۆ راهێنان و 33 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ چەک و کەرەستەی سەربازی.
 
لەبارەی هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یشەوە، لەراپۆرتەکەی کەی24 هاتووە "ئەمەریکا بۆ 2026 لە هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوام دەبێت و وەزارەتی جەنگ 130 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو هاوکارییانە تەرخان کردووە و بەراورد بە 2025، 17 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە".

وتوشیەتی "لەو ژمارەیەش 65 ملیۆن دۆلار بۆ مووچە، 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بۆ راهێنان و چەک، 32 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاریش هاوکاریی لۆجستی و ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلاری دیکەش بۆ چاککردنەوە و وەرشە".

ئامادەکردنی/ نها نیوز 
17کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.