راپۆرت

بەرپرسانی ئیسرائیل: نۆرەی توركیاش دێت؛ ئەنقەرە پێداچوونەوە بە ستراتژییە سەربازییەکانیدا دەکات

نهانیوز-راپۆرت

هەڕەشەی وەزیرە توندڕەوەكانی كابینەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە دەڵێن "نۆرەی توركیاش دێت" ئەنقەرەی نیگەران کردوە و لەو نێوانەشدا لە ڕاپۆرتێکی نوێی ئەکادیمیای هەواڵگری نیشتمانی تورکیادا هاتووە کە وڵاتەکەیان دەبێت لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران وانە وەربگرێت، ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە ململانێی ئیسرائیل و ئێران لە داهاتوودا شەڕێکی فراوانتر و وێرانکەرتری لێدەکەوێتەوە و جەخت لەسەر گرنگی دامەزراندنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی بەهێز لە سەرانسەری وڵاتەکە دەکرێتەوە.

ئەکادیمیای هەواڵگری نیشتمانی لە ساڵی 2023 وەک دامەزراوەیەکی باڵا لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا دامەزراوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش و ستراتیژیدا،  ئامانجی دامەزراوەکە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هەواڵگرییە لە توێژەران و ئەکادیمییەکان و پسپۆڕانی ئەمنی.

ئەکادیمیاکە بەردەوام ڕاپۆرت لەسەر پرسە جیۆپۆلەتیکی و ئەمنییەکان و هەروەها کاریگەرییەکانیان بۆ تورکیا بڵاودەکاتەوە، دوایین ڕاپۆرتی ئاکادیمیاکە  بەناونیشانی “جەنگ و وانەکانی 12 ڕۆژە بۆ تورکیە” لە بڵاوکراوەتەوە.

ڕاپۆرتە 58 لاپەڕەییەکەی ئاکادیمیای هەواڵگری تورکیا چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانەش:

 شیکارییەک بۆ تەکنەلۆژیای شەڕی ئاسایی و تێکەڵ کە لەلایەن هەردوو لایەنەوە بەکاردەهێنرێن؛ پشکنینێک بۆ ئەو وانانەی کە تورکیا دەبێ لەم شەڕی ئێران و ئیسرائیل وانەی لێوەرگرێت و پێشبینیکردنی سیناریۆکان سەبارەت بە قۆناغەکانی داهاتووی ململانێی ئێران و ئیسرائیل.
پێویستە تورکیا سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی کاریگەر پەرەپێبدات.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا باس لە پێویستی بەهێزکردنی بەرگری فرە چین و ڕێگری هەمەلایەنە و پاراستنی زانیاری دەکات و دەڵێت؛

- شەڕی ئێران و ئیسرائیل جارێکی دیکە  گرنگی هەوڵە درێژخایەنەکانی هێزی ئاسمانی تورکیای بۆ یەکخستن و مۆدێرنکردنی ئامێرەکانی بەرگی ئاسمانی وڵاتەکەی ئاشکرا کردوە، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خێرایی و توانای بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی سیستمە سەربازییە پێشکەوتووەکان کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەم هێنراون بۆ تورکیا هێندەی خودی سیستەمەکان گرنگن.

- لە کاتی شەڕدا گرنگی هەبوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانی فرە چین و بەرفراوانیش دەرکەوتووە جگە لەوەش، شکستی ئیسرائیل لە ڕێگرییەکی تەواو لە موشەکە پێشکەوتووەکانی هایپەرسۆنیک کە لە ئێرانەوە هەڵدەدرێن ، سەرەڕای پشتیوانی هاوپەیمانان  پێویستی تورکیا بۆ زیادکردنی گرنگیدان بە داهێنان لەم بوارەدا ئاشکرا دەکات.

- شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بە ڕوونی نیشانی دا کە بەرگری پێویستە بەشێوەی هاوئاهەنگ و یەکپارچە ئەنجام بدرێت و تەنیا بە ئامرازی سەربازی و چەک ناتوانرێت بەدی بهێنرێت،  تورکیا خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە جیهاندا، بەڵام هاوشانی ئەوەش گرنگە کە ڕێگرییەکی هەمەلایەنە لە بواری سیاسی، ئابووری و تەکنەلۆژیدا پەرەپێبدرێت، هەروەها  یەکڕیزی کۆمەڵایەتی و هاودەنگی بەهێز بکرێت، لەم چوارچێوەیەدا پێویستە تورکیا بە پێشخستنی هەوڵەکانی بۆ ئاشتی، یەکگرتوویی نیشتمانی خۆی زیاد بکات.

- سەرکەوتنی ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژەدا تاڕادەیەکی زۆر بەهۆی تاکتیکی "هێرشی لەناکاو" بووە. ئێران سەری سوڕما و نەیتوانی لە 24 کاتژمێری یەکەمدا پێش بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەرماندە باڵاکانی و دامەزراوە سەربازییە گرنگەکانی بگرێت. ئەمەش پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرپرسانی پلە باڵای مەدەنی و سەربازی لە تورکیا نیشان دەدات.

سێ سیناریۆی پێشبینیکراو

لە ڕاپۆرتەکەدا سێ سیناریۆی ئەگەری بۆ داهاتووی ململانێی ئێران و ئیسرائیل دەخرێتەروو:

لە سیناریۆی یەکەمدا، دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە و هەوڵەکان بۆ شکاندنی بنبەستی بەردەوامی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دەدرێت، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و تاران بکرێت و پێشبینی دەکرێت ئێران ڕابگەیەنێت کە لە ماوەی پێنج ساڵدا دەستبەرداری بەرنامەی پیتاندنەکەی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ڕێبازی توند بەرامبەر بە ئێران بگرێتەبەر، ئەگەری پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا لەدەست دەچێت.

لە سیناریۆی دووەمدا پێشبینی دەکرێت ئەگەر دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا شکست بهێنن، ئەوا دۆخی نادڵنیایی لە ئێران و گرژی لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت. لەم حاڵەتەدا پچڕانی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیادبوونی فشارە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

خراپترین سیناریۆ ئەوەیە کە دوابەدوای شکستی دانوستانە دیپلۆماسییەکان، ئیسرائیل و ئەمریکا بڕیار دەدەن هێرشێکی سەربازی بەرفراوان و سەرتاسەری بۆ سەر ئێران ئەنجام بدەن. ڕاپۆرتەکە دەشڵێت: پێدەچێت ئەم ململانێیە لە شەڕی یەکەم درێژتر و خوێناویتر بێت و هەردوولا هەموو توانای خۆیان بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی ستراتیژی لە شەڕەکەدا.

لە کۆتایی راپۆرتەکەشدا هاتووە بەلەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی بەرپرسانی توندڕەوی کابینەی ناتانیاهۆ سەبارەت بە هێرشی ئەگەری بۆ سەر تورکیا پێویستە ئەنقەرە خۆی بۆ هەموو پیشهاتێکی نەخوازراو ئامادە بکات.

 
2025-09-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.