راپۆرت

شەڕی مووشەکی داهاتوو لە نێوان ئێران و ئیسرائیل چۆن دەبێت؟

 نهانیوز- راپۆرت

ئا: سروە عەلی

لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی جبەخانەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی و پەرەپێدانی بەرگریی پێشکەوتووی ئیسرائیل، هەردوولا لە کێبڕکێیەکی ستراتیژیدا قفڵ دەبن کە شێوە و تێچووی شەڕی داهاتوو دیاری دەکات.

 بە گوتەی یەهۆشوا کالیسکی لە پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی، شەڕەکانی داهاتوو لەگەڵ ئێران دەبێ کورت و چڕ بن.

بە پێی ڕاپۆرتی هارتز، ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران سەرکەوتنیان ڕاگەیاند؛ هەرچەندە ئامانجی سەرەکی ڕاگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەدی نەهات، بەڵام دەستکەوتی ئۆپەراسیۆنی بەرچاو بەدەست هات. لە نێوانیاندا لەکارخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران بوو، کە نزیکەی تەواوی باڵادەستی ئاسمانی بەسەر خاکەکەیدا بەخشی و ڕێگەی بە ئیسرائیل دا ژێرخانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی ئێران و سیستەمی هەڵدانی ئێران بکاتە ئامانج.


بۆچی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی داهاتوودا دەدۆڕێت؟

لە بەرەی بەرگریدا، ئاستی ئیسرائیل ئاڵۆزتر بوو. ئەو وڵاتە توانی هەموو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان جگە لە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بگرێت و زۆربەی مووشەکەکانی بالیستیکی هاتوو لە ناو ببات. بەڵام ئەو چەند مووشەکەی کە بە بەرگرییەکاندا تێپەڕین، زیانی گیانی و زیانێکی بێ وێنەیان بە بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل گەیاند.

هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن کە ئیسرائیل توانای درێژەدان بە چالاکییەکانی لە ئاسمانەکانی ئێران و ئامانجکردنی ژێرخانی مووشەکی لە کورتخایەندا هەیە، بەڵام لە ئاسۆی ٥-١٠ ساڵدا مەترسی دووبارە بنیاتنانەوەی بەرگرییە پێشکەوتووەکان یان تەنانەت هێزی ئاسمانی ئێران دەتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت.

تال ئینبار، شارەزای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لێکۆڵەری باڵا لە هاوپەیمانی بەرگری مووشەک دەڵێت" ئێران هێشتا نزیکەی هەزار مووشەکی بالیستیکی هەیە کە توانای ئەوەیان هەیە ئیسرائیل بکەنە ئامانج". بە گوتەی فابیان هینتز، توێژەر لە دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ئاشکرای دەکات کە  بەرنامەی مووشەکی حکومەتی ئێران لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی یەکگرتوودا پێناسە کراوە کە بە تەواوی پابەندە بە پەرەپێدانی و کۆماری ئیسلامیش هیچ نیازێکی نییە دەستبەرداری بێت. 
دوو دامەزراوەی هاوتەریب لە سوپای پاسداران و سوپادا بەرپرسیارن لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و دواجار هەڵدانی ئەم مووشەکانە.

لە ڕوانگەی تارانەوە، موشەکی بالیستیکی تاکە ئامرازی کاریگەر بووە کە توانیویەتی کاریگەری خۆی لە بەرەکانی شەڕدا نیشان بدات – هەرچەندە سنووردار بێت – لە کاتێکدا هێزە بە وەکالەتەکانی وەک حزبوڵڵا کەمتر لە چاوەڕوانکراو ئەنجامیان داوە. ئەو مووشەکانەی توانیان بەرگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بشکێنن، زیانێکی بێ وێنەیان بە بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل گەیاندووە و بە گوتەی سەرچاوە بیانییەکان تەنانەت هەندێک دامەزراوەی سەربازیشیان کردۆتە ئامانج.

بەڵام شەڕی ئەم دواییە جارێکی دیکە تێچووی زۆری بەرگری مووشەکی نیشان دا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، کۆگای مووشەکی ڕێگریکەری پایکان لە ئیسرائیلدا تەواو بوو. هەر مووشەکێکی پایکان-٣ نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و هەر مووشەکێکی THAADی ئەمریکیش چوار ئەوەندەی ئەو بڕە تێدەچێت.

بەپێی شیکارییەکی هارتز، نزیکەی ١٠٠ مووشەکی THAAD لە کاتی جەنگدا تەقێنراون و ڕاپۆرتێکی دواتری سی ئێن ئێن ژمارەکەی ١٥٠ مووشەکی خستۆتە ڕوو کە نزیکەی چارەکێکە لە کۆی کۆگاکانی ئەمریکا. خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە کۆی تێچووی ڕێگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا نزیکەی (١.٤ ملیار دۆلار) بووە.

کێشەکە تەنها دارایی نییە؛ سیستەمەکان زۆر  ئاڵۆزن، و ڕێژەی بەرهەمهێنانیان سنووردارە. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی بەرگریی مووشەکی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا تەنها ١٢ مووشەکی THAAD بەرهەمدەهێنرێت و بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦دا ٣٧ مووشەکی دیکە بەرهەمبهێنرێت.

ئەم سنووردارکردنە بەرهەمهێنانە پرسیاری جددی دەوروژێنێت سەبارەت بەوەی کە ئایا دەتوانرێت کۆگایەکی پێویست بپارێزرێت بۆ ئەوەی بەرگەی هێرشە بەکۆمەڵەکان بگرێت.

پێش جەنگ توانای بەرهەمهێنانی مانگانەی ئێران بە نزیکەی ٥٠ مووشەک مەزەندە دەکرا، بەڵام لەناوبردنی ژێرخانی بەرهەمهێنان و هەڵدانی ئەو توانایەی کەمکردووەتەوە. بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی گەڕانەوە بۆ ئەو ئاستە پێویستی بە "بڕیار و پارە و کات" هەیە.

پرسیارە گەورەکە ئێستا ئەوەیە کە ئێران چ ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ بەرزکردنەوەی توانا مووشەکییەکانی: بەردەوامبوون لە گرنگیدان بە وردبینی، زیادکردنی بڕی لە سەر کوالیتی، یان باشترکردنی توانای مانەوە بە سیستەمی هەڵدانی جوگرافیای پەرشوبڵاوتر. بژاردەکانی دیکە بریتین لە هەڵدانی موشەکی فێڵباز یان بەکارهێنانی تەقەمەنی کۆکراوە بۆ هێرشکردنە سەر چەندین ئامانج.

هێرشە مووشەکییەکەی ساڵی ٢٠٢٤، نەبوونی وردبینی لە مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئاشکرا کرد. هەرچەندە لە دوورەوە وا دەرکەوت کە بنکەی ئاسمانی ئیسرائیل لە ناڤاتیم لە ژێر ئاگرێکی قورسدایە، بەڵام وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخست کە زیانەکانی ڕاستەقینە زۆر سنووردارە. 

لە بواری بەرگریدا حکومەتی ئێران زۆر پشت بە سیستمە ناوخۆیی و هاوردەکانی ڕوسیا دەبەستێت وەک (S-300)، بەڵام ئەم سیستمانە لە شەڕی ئەم دواییەدا بێکاریگەر بوون. لە کاتێکدا کە ڕووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا ناتوانێت سیستەمی نوێ دابین بکات، بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەتی ئێران هەوڵی کڕینی ڕاداری HQ-9B و JY-26 لە چین دەدات، هەرچەندە باڵیۆزخانەی چین لە ئیسرائیل ئەو هەواڵانەی ڕەتکردووەتەوە.

هەروەها هێزی ئاسمانی کۆماری ئیسلامی کە تا ڕادەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەرە کۆنەکانی پێش شۆڕش پێکهاتووە، لە شەڕی ئەم دواییەدا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە. گرێبەستی کڕینی زیاتر لە ٢٠ فڕۆکەی جۆری سو-٣٥ لە ڕووسیا دواکەوت، دانوستانەکانیش بۆ کڕینی نزیکەی ٤٠ فڕۆکەی جەنگی جۆری J-10C لە چینەوە بەردەوامە.

تەنانەت بە ڕادەستکردنی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانەش، بە گوتەی "ئینبار"، ئێران مەترسییەکی جددی بۆ سەر هێزە ئاسمانییە مۆدێرنەکان دروست ناکات، ئەگەر ژێرخانی نوێ دروست نەکات، لەوانە ڕاداری پێشکەوتوو، فڕۆکەی ئاواکس، سیستەمی پەیوەندیی هاوچەرخ و بنکە تەیارەکان.

شارەزایانی سەربازی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی داهاتوو ڕێگریکردنە لە مووشەکەکان لە قۆناغی تەقەکردندا؛ واتە پێش ئەوەی سەری مووشەکەکە جیا بێتەوە، چونکە دواتر ئامانجکردن زۆر قورستر دەبێت. ئەمەش پێویستی بە تۆڕێکی فراوانی هەستەوەر و ڕێگری خێرای زۆرە.

یەکێک لەو تەکنەلۆژیایانەی کە بۆ ئەم قۆناغە باس دەکرێت، چەکی لەیزەرە. سیستەمی تیشکی ئاسن کە بە هاوکاری ڕافایل و لۆکهید مارتن پەرەی پێدراوە و لەلایەن ئیدارەی بایدن پاڵپشتی دەکرێت، لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی تیشکی 100 کیلۆوات هەیە، کە تەنها یەک لەسەر دەی هێزی پێویست بۆ لەناوبردنی مووشەکی بالیستیک هەیە. پلان دانراوە بۆ دانانی ئەو لەیزەرە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکان یان تەنانەت مانگە دەستکردەکانیش، کە هەرچەندە ئاڵۆز و گرانبەهایە، بەڵام دەکرێت لە داهاتوویەکی دووردا بەشێک بێت لە بەرگری مووشەکی.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل کۆتایی هاتنی شەڕەکەی بە "سەرەتای کۆتایی هاتنی سیاسەتی پارێزبەندی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر" ناوبرد و فەرمانی دا بە پەرەپێدانی پلانێکی درێژخایەن بۆ پاراستنی باڵادەستی ئاسمانی و پێشگرتن لە پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بە گوتەی یەهۆشوا کالیسکی لە پەیمانگای  لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، پێویستە شەڕەکانی داهاتوو لەگەڵ ئێران کورت و چڕتر بن و جگە لە باڵادەستی ئاسمانی، مووشەکی ڕووکار بۆ سەرزەوی وەک ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ و کاریگەریی دەروونی کەڵک وەربگیرێت، ئەزموونێک کە بە وتەی ئەو سەدان هەزار ئیسرائیلی لە شەڕی ئەم دواییەدا ئەزموونیان کردووە.

 
2025-08-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.