نها نیوز – راپۆرت
لە کاتێکدا کە گرژییە زارەکییەکانی رووسیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ رۆژبە رۆژ زیاتر پەرەدەستێنێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا هۆشداری لە توانای چەکێکی ئەتۆمی کوشندە بە ناوی "دەستی مردوو”ی ڕووسیا دەدات چەکێک کە دوای لە ناوچوونی ڕووسیاش گورزە کاریگەرەکەی خۆی دەوەشێنێت.
بەپێی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا، ئەندامی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکە، ڕایگەیاندووە، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا “فیلمە دڵخوازەکانی خۆی لەبارەی مردووانی ڕۆیشتوو لەبیربێت و لەبیری بێت کە ‘دەستی مردوو’ چەندە مەترسیدارە”.
لە بەرامبەر ئەو مەترسییە، ترەمپ فەرمانی جێگیرکردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمریکای دەرکرد.
دەشڵێت "دەبوو ئەم کارە بکەین، دەبوو وریا بین، هەڕەشەیەک هەبوو و بە نەشیاومان زانی، بۆیە دەبێت زۆر وریا بم، هەڕەشەیەک لەلایەن سەرۆکی پێشووی ڕووسیا هەبوو، دەبێت گەلەکەمان بپارێزین".
"دەستی مردوو" ناوی سیستەمی چەکی ئەتۆمی کوشندە ی ڕووسیایە کەلە ساڵی هەشتاکان دا پەرەی پێدراوە، ئەم سیستەمە بەم ناوە ناونراوە چونکە وادیارە پێویستی بە هیچ فەرماندەیییەکی مرۆیی نییە بۆ چالاککردن، واتە ئەگەر سەرکردایەتی و هێزە سەربازییەکانی ڕووسیاش لەناو ببرێن، ئەوا وڵاتەکە دەتوانێت هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام بدات.
ژەنەڕاڵ سێرگی کاراکایێڤ، فەرماندەی هێزەکانی مووشەکی ستراتیژی ڕووسیا، لە ساڵی 2011دا بوونی تەکنەلۆژیای سەردەمی جەنگی ساردی پشتڕاستکردەوە و هۆشداریدا لەوەی کە دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە 30 خولەکدا تەواوی ئەمریکا لەناوببات.
لە کاتێکدا ئەمریکا سیستەمی هەستەوەری هەیە بۆ دیاریکردنی تیشک و ناسینەوەی مووشەکەکانی هاتوو، بەڵام هێشتا سیستەمی تەقەکردنی ئۆتۆماتیکی دروست نەکردووە. بۆیەش ترەمپ بڕیاریدا کەرەستە سەربازییەکانی ڕۆژی هەینی جێگیر بکات.
فەلسەفەی پشت ئەم سیستمە ترسناکە ئەوەیە کە دڵنیایی بداتە هەر دوژمنێک کە بیەوێت هێرشی یەکەم بکاتە سەر ڕووسیا، تەنانەت ئەگەر بە تەواویش سەرکەوتوو بوو لە لەناوبردنی دەوڵەت و سەرکردایەتی ڕووسیا، هێشتا ناتوانێت لە تۆڵەسەندنەوەیەکی وێرانکەر ڕزگاری بێت. بە واتایەکی تر، "دەستی مردوو" وا دەکات کە ڕووسیا تەنانەت "دوای لەناوچوونیشی" باجێکی گران بە دوژمنەکانی بدات.
دەستی مردوو چۆن کار دەکات؟
دەستی مردوو" سیستمێکی نیوە - ئۆتۆماتیکییە کە لە ساڵانی هەشتاکاندا پەرەی پێدراوە، کارکردنی بەم شێوەیەیە:
لە کاتی گرژیی زۆر و پێشبینیکردنی هێرشی ئەتۆمیدا (بۆ نموونە لەکاتی ململانێ لەگەڵ ئەمریکا)، سیستمکە بە شێوەیەکی دەستی لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە چالاک دەکرێت.
دوای چالاکبوون، سیستمەکە دەست دەکات بە چاودێریکردنی تۆڕێکی فراوان لە هەستەوەرەکان، ئەم هەستەوەرانە چاودێری پەیوەندییە سەربازییەکان، نیشانەکانی ژیان لە بنکەکانی سەرکردایەتی، بوومەلەرزە، گەرما و ئاستی تیشکدانەوە دەکەن، کە هەموویان دەتوانن نیشانە بن بۆ ڕوودانی هێرشێکی ئەتۆمی لەلایەن دوژمنەوە.
ئەگەر سیستمەکە چەند نیشانەیەکی باوەڕپێکراوی وەرگرت کە هێرشێکی ئەتۆمی کراوەتە سەر ڕووسیا و پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی باڵادا پچڕاوە، ئەوا وا دادەنێت کە "مردن" ڕوویداوە. لێرەدا، ئاماژەیەک دەنێرێت بۆ ژەنەراڵێکی تایبەت و نهێنی کە لە بنکەیەکی پارێزراودا جێگیربووە.
ئەم ژەنەراڵە، کە تاکە کەسە دەتوانێت پرۆسەکە ڕابگرێت، تەنیا 15 خولەکی لەبەردەستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەڵامدانەوەکە. ئەگەر لەم ماوەیەدا هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو (کە نیشانەیە بۆ لەناوچوونی)، سیستمەکە بە تەواوی کارا دەبێت.
کاتێک ماوەی 15 خولەکەکە بەسەردەچێت و هیچ فەرمانێک بۆ ڕاگرتن دەرناچێت، سیستمی "دەستی مردوو" بەرپرسیارێتی وەڵامدانەوەکە دەگرێتە ئەستۆ و پرۆسەی کۆتایی دەست پێدەکات.