نهانیوز-راپۆرت
ئا: سروە عەلی
تەلەفزیۆنی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئاگربەستەکە، تاران و تەلئەبیب خۆیان بۆ خولی داهاتووی ڕووبەڕووبوونەوە ئامادە دەکەن. بەگوێرەی ئەو دەزگای میدیاییە، ڕەنگە زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا شەڕەکە دەستپێبکات.
ئەو دەزگای میدیاییە بە ئاماژەدان بە تەقینەوە نهێنییەکانی ئەم دواییەی ئێران و نەگەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستانەکان، نووسیویەتی تاران سەرقاڵی بنیاتنانەوەی سیستەمی بەرگری و مووشەکی خۆیەتی و لە هەمان کاتدا باس لە ئەگەری "لێدانی پێشوەختە" دەکات.
لەبەرامبەردا ئیسرائیل هۆشداری داوە کە ئەگەر ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوە، ئەوا بژاردەی دووبارە هێرشکردن لەسەر مێزەکە دەبێت.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل پێی وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامیش نهێنییەکانی خۆی بپارێزێت، ئەوا وڵاتەکە لانیکەم یەک بۆ دوو ساڵ لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دوورە.
بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەگەری مانەوەی هەندێک سەنتەرفیوج یان یەدەگی یۆرانیۆم بە شاراوەیی ڕەت ناکرێتەوە.
- هەڵسەنگاندنی شەڕی ئەم دواییە
زۆی خەیمۆڤیچ، فەرماندەی پێشووی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بە کەناڵی 12ی ڕاگەیاندووە، نابێت مرۆڤ وا بزانێت کە قۆناغی داهاتووی شەڕەکە وەک قۆناغی کۆتایی دەبێت و پێویستە ململانێکان زوو دەست پێبکات.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیش خەریکی هەڵسەنگاندن و فێربوونە لە شەڕی ئەم دواییە.
بەگوێرەی کەناڵی 12، ئەگەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ یان دەرفەتێکی ستراتیژی سەرهەڵبدات، ئیسرائیل ڕەنگە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی شەڕی "سەرهەڵدانی شێرەکان"ی ئەم دواییە دەستپێبکات.
دوای ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وەزیری بەرگری ئیسرائیل خوازیاری پاراستنی باڵادەستی ئاسمانی و داڕشتنی پلانێک بۆ پێشگرتن لە بوژانەوەی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمیەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ١٢، سیما شاین، بەرپرسی پێشووی مۆساد هۆشداریدا لەوەی کە " شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل" بەم زووانە یەکلایی نابێتەوە؛ تەنانەت ئەگەر کاتێکی زۆری پێبچێت تا بگاتە قۆناغی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەقینە.
ئاماژەی بەوەشکرد: کێشەی گەورەی ئێران تەنها زیانەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نییە، بەڵکو لەوەش خراپتر تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە لە هێرشەکاندا، ئەم پرسە پەیامێکی سیاسی گرنگی هەیە و ئەوەش پابەندبوونی ناڕاستەوخۆی ئەمریکایە بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێراندا.
- سێ سیناریۆ لە پێشە بۆ کۆماری ئیسلامی:
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل، لە ئێستادا سێ ڕێگای سەرەکی لە پێشە بۆ کۆماری ئیسلامی: کشانەوەی کاتی لە پڕۆژەی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا، گەڕانەوەی وردە وردە و وریایانە بۆ پیتاندن و ئەنجامدانی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی.
سەبارەت بە کشانەوەی کاتی لە پڕۆژەی ئەتۆمی، میدیاکانی ئیسرائیل نووسیویانە کۆماری ئیسلامی دەتوانێت سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی بەرنامەی مووشەکی و تۆڕەکانی بە وەکالەت بێت یان بە سادەیی مانەوەی خۆی بپارێزێت.
سەبارەت بە گەڕانەوەی وردە وردە و وریایانە بۆ دەوڵەمەندکردن، ئاماژە بەوەدراوە کە: کۆماری ئیسلامی بە پێی ستراتیژی تەقلیدی خۆی، هەنگاو بە هەنگاو و هەنگاوی بچووک دەنێت و چاودێریی دەرەکی سنووردار قبوڵ دەکات و وردە وردە خۆی وەک دەوڵەتێکی بەربەست جێگیر دەکات.
بەڵام کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل زیادی کرد کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەزانن ئەگەر زۆر بە خێرایی دەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکان بکەنەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئیسرائیل یان ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش دەکەنەوە.
- بەزاندنی مەترسیداری هێڵی سوور
سەبارەت بە سیناریۆی سێیەمیش، میدیاکانی ئیسرائیل نووسیویانە کە شکست لە شەڕدا ڕەنگە خامنەیی ناچار بکات کە فەرمان بەو زانا و فەرماندە ڕزگاربووانە بکات کە یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام بدەن، هەرچەندە تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بێت.
- ئاماژەی ناڕاستەوخۆی خامنەیی بۆ بەردەوامی دەوڵەمەندکردن:
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نیگەرانی سەرەکی لەبارەی یۆرانیۆمەوەیە کە پیتاندنی گەیشتووەتە 60% ، تەنها هەنگاوێک لەو ئاستە دوورە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمب. ئێران بەم جۆرە مادەیە دەتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەک بەرهەم بهێنێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زانیاری دروست سەبارەت بە چارەنووسی یەدەگی پیتێنراوی یۆرانیۆمی تاران زۆر گرنگە.
ستراتیژی "شەڕی نێوان جەنگەکان".
کەناڵی 12ی ئیسرائیل نووسیویەتی، هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل ستراتیژی "شەڕی نێوان شەڕەکان" فراوانتر بکات و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ناوخۆی ئێرانیش بگرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئامانجی بەرنامەیەکی لەو شێوەیە دواخستنی پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمییە بەبێ ئەوەی بەشداری شەڕی تەواوەتی بکات.
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل زیادی کرد: تەقینەوە نهێنییەکانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕەنگە نیشانەی دەستپێکی ئەم پرۆسەیە بێت؛ ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاراستنی فشاری بەردەوام لەسەر ڕژێمی تاران و ڕێگریکردن لە ئاوەدانکردنەوە.