راپۆرت

ئیسرائیل وئێران خۆیان بۆ گەڕێکی نوێی شەڕ ئامادە دەکەن

نهانیوز-راپۆرت

سروە عەلی


ناوەندی ئەمنییەت وکاروباری دەرەوەی ئۆرشەلیم بە ئاماژەدان بەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ”گرژیی نێوان دوو وڵاتی کەم نەکردۆتەوە” لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: “ئامادەکارییە سەربازییەکان بە نهێنی بەردەوامن و تەواوی ناوچەکە لەسەر بۆمبێکە کە ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە”.

ئەم ناوەندە کە بنکەکەی لە ئیسرائیلە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئێران هێشتا توانای تەقاندنی سەدان مووشەکی بالیستیکی هەیە بۆ ئامانجە ستراتیجیەکانی ئیسرائیل، بەڵام هەنگاوێکی لەو شێوەیە مەترسی وەڵامدانەوەی چەقێنەر و وێرانکەری ئیسرائیلی دەبێت.

بەگوێرەی شرۆڤەکارانی ناوەندی ئاسایش و کاروباری دەرەوەی ئۆرشەلیم، بەرپرسانی ئەمنی لە هەردوو وڵات باس لە دەستپێکردنی "قۆناغێکی نوێ" لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو قۆڵی دەکەن؛ قۆناغێک کە بە ڕێگریکردنی یەکتر و پلاندانان بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو تایبەتمەندە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوە زۆر لە ژێر کاریگەری پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندایە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت" ئەگەر هەڕەشە بەردەوام بێت، ئەمجارە دەگەینە خودی خامنەیی".

ئیسرائیل بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگری مووشەکی خێراتر کردووە و سیستەمی بەرگری وەک Iron Dome و David‌s Fists گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزتر لە ئامادەیی.

هاوکات کۆماری ئیسلامی بە مۆدێرنکردنی جبەخانەی خۆی و هەوڵدان بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی و سیستەمی بەرگری لە چین، خۆی بۆ خولێکی نوێی شەڕ ئامادە دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئۆرشەلیم ، کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەسەندنەوەی هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل تاوتوێی هێرشێکی پێشوەختە دەکات، هەروەها مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی حکوومەت لە کۆماری ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە هۆشداری دا کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکات، تاران بە گورزێکی "ئازاربەخش" لە ناوەندە ژیانییەکانی ئیسرائیل وەڵامی دەداتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی وێڕای زیانەکانی هێرشەکانی ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرێت.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر ئێران دەست بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکاتەوە، ئەمریکا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.

ناوەندی ئاسایشی ئۆرشەلیم لە شیکارییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوایین خولی شەڕەکەدا کە تەنیا 12 ڕۆژی خایاندووە، ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان و هەروەها ناوەندە مووشەکییەکان و کەسایەتییە باڵاکانی سپای پاسدارانی کردە ئامانج. کۆماری ئیسلامی بە تەقاندنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل وەڵامی دایەوە.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی نهێنی لە دامەزراوە گرنگەکانی ئێران ڕوویانداوە کە تاران پێی وایە کاری ئیسرائیلە. سەرەڕای وەستانی ڕێژەیی دوژمنایەتییەکان، هیچ چوارچێوەیەکی چاودێری و سیاسی بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان لایەنەکان نییە.

لە هەڵسەنگاندنی ئەو ناوەندەدا هاتووە کە پێدەچێت کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا لە ڕێگەی هێزە بە وەکالەتەکانیەوە بەردەوام بێت لە هەنگاونان وهێرشەکانی، وەک حوسییەکان لە یەمەن، حیزبوڵڵا لە لوبنان و میلیشیا شیعەکان لە عێراق.

 هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران تەنیا لەو کاتەدا ڕوودەدات کە ڕژیمی دەسەڵاتدار هەست بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر مانەوەی ئێران بکات.

بە گوتەی شارەزایانی ناوەندی ئاسایشی ئۆرشەلیم  بۆ ئاسایش و کاروباری دەرەوەی ، تاران لە دوای لێدانەکانی ئەم دواییە هەوڵی وەرگرتنەوەی ڕێگری لەدەستچووەکەی و گەڕاندنەوەی شانازی نەتەوەیی خۆی دەدات، بەڵام هەر کردەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ڕووبەڕووی مەترسی گۆشەگیری نێودەوڵەتی و وەڵامدانەوەی بەرفراوانی ئیسرائیل دەبێتەوە.

هەروەها ناوەندەکە  هۆشداری داوە کە حیسابێکی هەڵە، وەک تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی باڵا یان هێرشێکی ئەلیکترۆنی بەرفراوان، بە خێرایی شەڕێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسێنێت. لە وەها بارودۆخێکدا ئیسرائیل درێژە بە سیاسەتی تیرۆرکردنی ئامانجدار و هێرش بۆ سەر ژێرخانی ستراتژیکی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە دەستکەوتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی درێژە پێدەدات.

 
2025-07-30
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.