راپۆرت

داهاتووی سوریا چیبەسەردێت ؟ کۆمەڵکوژکردنی سێ پێکهاتە لە کەمتر لە ساڵێکدا

نهانیوز-راپۆرت

سروە عەلی

دوای  ڕوخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا سێ کۆمەڵکوژی گەورە بەرانبەر بە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا ئەنجامدراوە لە نێوانیاندا، سەرەتا عەلەوییەکان و دواتر کریستیانەکان و دواجاریش دروزەکان کۆمەڵکوژ کراون و هەڕەشەی هێرش بۆ سەر کورد لە داهاتوودا زۆرە.

دوایین ئاڵۆزییەکان لە سوریا لە نێوان بەدەوییەکانی ئەو وڵاتە و حکومەتی کاتی و دروزەوکان کە نزیکەی هەفتەیەک بەردەوام بو لە ئێستادا بە راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان سوریا و ئیسرائیل کۆتایی هاتوە، شەڕێک کە تێێدا بە گوێرەی روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە 600 کەس بوونە قوربانی.

لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، سێ جار هێرش بۆ سەر کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا ئەنجامدراوەو کە تێیدا بە سەدان کەس بەدەستی حکومەتی کاتی سوریا و گروپە توندڕەوەکان کوژراون و لە ئێستادا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆ ئەو کۆمەڵکوژیانە ئەنجام دەدرێت و هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دەسترێژیانە چین؟

شارەزایانی دۆخی سوریا دو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو ئاڵۆزییانە باس دەکەن لەوانەش هۆکاری دەرەکی و هەروەها هۆکاری ناوخۆیی.

لە هۆکارە دەرەکییەکان گرنگی جیۆپۆلەتیکی سوریا و دەستوەردانی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی لەوانەش پشتیوانیکردنی تورکیا لە حکومەتی کاتی سوریا و هەروەها هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە دوای روخانی حکومەتی بەشار ئەسەد باس دەکرێت.

حکومەتی کاتی سوریا بە چەندین هۆکار ناتوانێت هەژمۆنی خۆی بەسەر سوریادا بچەسپێنێت و سەقامگیری لە سوریا بێنێتە دی، سیستەمی سیاسی سوریا سیستەمێکی داسەپێندراوە لە دەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە و حکومەتی کاتی ئەو وڵاتە لە ڕێرەوێکی دیموکراسییەوە و بە دەنگی هاوڵاتیانی سوریا دەسەڵاتی نەگرتوەتە دەست، بۆیە بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی سوریا بە تایبەتی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، ئەو حکومەتە بە نوێنەری خۆیان نازانن و رەوایەیی پێ نابەخشن.

حکومەتی کاتی سوریا لە چەندین گروپی سەربازیی جیاوازەوە دروست بوە کە هەریەکەیان ئەجێندای تایبەت بە خۆیان پەیرەو دەکەن و بەشێکی زۆریان پاشخانێکی توندڕەوییان هەیە و ملکەچی فەرمانەکانی حکومەتی ناوەندی سوریا نابن لە لایەکی دیکەشەوە چەندین وڵاتی هەرێمی و جیهانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سوریا پەیرەو دەکەن و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندیانە نابن.

هەر سێ وڵاتی تورکیا، ئەمەریکا و ئیسرائیل هەرکام بە هۆی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانەوە پشتگیری لە بەشێک لە پێکهاتەوانی سوریا دەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پشتیوانی ئەمریکا نیگەرانن لە سەر هەڵدانەوەی داعش لە سوریا و بەو هۆیەشەوە بەشێک لە هێزەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگیرکردوە.

تورکیا نیگەرانە لە دەسەڵاتی کورد و هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی و یارمەتی گروپە توندڕەوەکانی سوریای کردووە بۆ هێرش کردنە سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستاندایە.

ئیسرائیلیش لە دوای روداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بۆ جارێکی دیکە نایەوێت دەسەڵاتێکی بەهێز لە سوریا  و لە نزیک سنورەکانی خۆی قبوڵ بکات، بۆیە بەنیازە لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە دروزەکان سنورەکانی خۆی لە سوریا بە رادەیەکی زۆر بپارێزێت و گەرەنتی بکات، چیتر قبوڵی ناکات هێزەکانی حکومەتی ناوەندی ئەو وڵاتە جارێکی تر لەو سنورانە جێگیر ببنەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هۆکارە ناوخۆیی و دەرکیانە  پێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا گرژییەکان لە سوریا کۆتایی پێبێت و سەرهەڵدانەوەی ئەو ئاڵۆزیانە لە داهاتودا پێشبینی کراوە.


2025-07-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.