نها نیوز-هەواڵەکان
ململانێی ئاشکرای نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساتێکی دەگمەنی سەقامگیری ڕێژەیی و پێشکەوتنی گەشەسەندن لە عێراق دەستی پێکرد، بەڵام پێناچێت ئەم ئارامییە زۆر بەردەوام بێت وعێراق لە لێواری ڕاکێشاندایە بۆ ناو هەڵچوونێکی گۆڕانکاری لە نەزمی ناوچەکەدا.
دامەزراوەی چات هام هاوس، ( Chatham House) کە یەكێكە لە گرنگترین و ناسراوترین پەیمانگای لێکۆڵینەوەکان، لە وتارێکدا تیشکی خستوەتە سەر سەقامگیری عێراق دوای جەنگی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل ولە وتارێکدا لە ژێرناونیشانی، بۆچی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کاتی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بێدەنگ بوون؟ باسی دوایین گۆرانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات.
لە وتارەکە دا هاتووە، لە شەری 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، ئەو لایەنانەی کە لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە، وەک هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە بەر پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان دان بەخۆداگرتنێکی بەرچاویان نیشاندا و بە پێچەوانەی چاوەروانی تاران و هەروەها بە زانینی ئەو راستییەی کە ئەگەربە ئاشکرا بە قازانجی ئێران دەست بخەنە ناو جەنگەکەوە، پارێزراو نابن، نەگلانە ناو شەرەکەوە.
بۆ یەکەمجارە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو دا، عێراق خۆی لە پەراوێزی قەیرانێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێتەوە، نەک لە ناوەندەکەیدا، ململانێی ئاشکرای نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ساتێکی دەگمەنی سەقامگیری ڕێژەیی و پێشکەوتنی گەشەپێدان لە عێراق دەستی پێکرد، بەڵام پێناچێت ئەم ئارامییە بەردەوام بێت، عێراق لە لێواری ڕاکێشاندایە بۆ ناو هەڵچوونێکی گۆڕانکاری لە نەزمی ناوچەکەدا.
"نەزمی ناوچەکە گۆرانکاریی بە سەر داهات"
لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 دا دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەی گۆڕی و سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد، سەردەمێک کە ئێران وەک هێزێکی باڵادەستی ناوچەیی دەرکەوت.
ئێستا بناغەکانی ئەو نەزمە ناوچەییە بەهۆی هێرشەکانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر و لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ئەو ململانێ ناوچەییانەی کە بەدوایدا هاتوون، دەلەرزن، هێشتا ڕێگای تەواوی ئەم گواستنەوەیە ڕوون نییە، بەڵام وردە وردە بەرەو تووندو تیژی و پشێوی دەچێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە عێراق تازە لەشەر رزگاری بووە و نایهەوێت بگلێتە نا و شەرێکی ترەوە، ئەمە ئەو راستییەیە کە سەرکردەکانی عێراقیش هەستی پیدەکەن و بەبێ گوێدانە مەیلی ئایدیۆلۆژی و ئایینییەک بە وریاییەوە دەجوڵێنەوە هاتا نەخزینە ناو ململانێ ناوچەییەکانەوە.
تەنانەت ئەو لایەنانەی کە لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە، وەک هێزەکانی حەشدی شەعبی، لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە دان بەخۆداگرتنێکی بەرچاویان نیشانداوە.
ئەم گرووپانە کە پایەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەن لە بەغدا، نەک هەر سوود لە قەوارەی دەوڵەت وەردەگرن بەڵکو وەک پاراستن و بەڕێوەبەریش خزمەت دەکەن.
ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە هەڵوێستەکانی پێشوویان، کوتلە عێراقییەکان لە ساڵی 2014تا 2017 شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا دژی داعش شەڕیان کرد، بەڵام دوای ئەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گرژ بوو، لە کۆتاییدا ڕوویان لە یەکتر کرد.
ئیدارەی ترەمپ سەرەتا هەڵمەتی زۆرترین فشاری دژی ئێران و هاوپەیمانە عێراقییەکانی دەستپێکرد، لە بەرامبەردا، کوتلە عێراقییەکان دامەزراوەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج و موشەکیان ئاراستەی بنکەکانی وەک عەین ئەسەد کرد.
هەروەها خاکی عێراق وەک شوێنی هەڵدانی هێرشەکانی میحوەری بەرخۆدان دژی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو بەکارهێنرا.
بۆ نموونە لە ساڵانی 2021 و 2022 گروپ و هاوپەیمانانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی ،فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە باشووری عێراقەوە ئاراستەی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد.
ساڵی ڕابردوو حزبوڵڵای کەتایب- گروپێکی نزیک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی سێ سەربازی ئەمریکییان لە بنکەی تاوەری 22 لەسەر سنووری ئوردن و سوریا کوشت، ئەم جۆرە ڕووداوانە نیشانیان دا کە بەڕاستی عێراق دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ پەرەسەندنێکی فراوانتری ناوچەیی.
ئیتر لەو کەتە بەدواوە لە ساڵانی ڕابردوودا گروپە گەورەکان وەک هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک ڕێکخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلی حەق پێگەیەکی پتەویان لە حکومەتی عێراقدا بەدەستهێناوە.
ئەم گروپانە ئێستا وەزارەت و پۆستی باڵا یان هەیە و لە کۆمپانیا دەوڵەتییەکان داهاتێکی بەرچاویان دەستدەکەوێت.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، بودجەی ساڵانەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بووە. هاندان بۆ پاراستنی دەستڕاگەیشتن بەم سەرچاوانەی وایکردووە گروپە میلیشیاکان ڕێبازێکی پراگماتیکتر و کەمتر ڕووبەڕووبوونەوە بگرنەبەر.
بەڵام ئەم گرووپانە تەنیا بە وەکالەتی ئێران نین. بۆ ئەوان ناسەقامگیری زیانبەخشە بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان.
"خۆگرتنی ئێستاش دەرئەنجامی ئەزموونە"
لە ساڵی 2020دا ئەمریکا بەرپرسی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی تیرۆر کرد، ئەم تیرۆرانە بە ڕوونی نیشانی دا عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵی ئاسمانی خۆی بکات و سەروەری خۆی بپارێزێت.
ئەم ئەزموونە هێشتا لە بەرەوەییەکان دا ماوە لە حیساباتی ستراتیژیی ئەکتەرە عێراقییەکاندا، ئەمەش وایکردوە زیاتردان بە خۆدابگرن و بۆ بەهێز بوونیان خۆیان لە ململانێکان بە دوور بگرن .
ئەم گرووپانە درکیان بەوە کردووە کە لە بەرامبەر گۆڕانی نەزمێکی ناوچەییدا کاریگەرییەکی کەمیان هەیە و بە پاراستنی دەسەڵاتی ناوخۆیی مانەوەی خۆیان لە پێشینەی کارەکانیان داناوە .
"گەڕانەوە بۆ ململانێ"
بەڵام ڕەنگە بەم زووانە عێراق بکەوێتە ناو گێژاوی گۆرانکارییەکان وپێویستی بەوەیە لە هەڵوێستەکانی دا تەحەدا بکات و خۆی یەکلایی بکاتەوە.
یەکێک لە سیناریۆ ئەگەرییەکان شەڕێکی درێژخایەنی نێوان ئێران و ئیسرائیلە، بە پشتیوانی ئەمریکا. لە هەلومەرجێکی وادا دەکرێت وردە وردە عێراق بکێشرێتە ناو ململانێکانەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئێران فشار بخاتە سەر گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یان تەنانەت لە ئیسرائیل. بە لەبەرچاوگرتنی ناسکی ئاگربەستەکان لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە و ئاستی بەرزی ناسەقامگیری ناوچەکە، ئەم سیناریۆیە تەواو ئەگەری هەیە.
تاران لە مێژە گومانی لە بریکارەکانی مۆساد هەیە کە لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە دزە بکەنە ناو ئێرانەوە. ئەمەش دەتوانێت گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بکات و ئەگەری هێرشی زیاتری سنوور بەزاندن بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەرز بکاتەوە، ئێران پێشتریش ناوچەکەی کردۆتە ئامانج بۆ وێرانکردنی بنکەکانی مۆساد لە کوردستان.
تەنانەت بەبێ تێوەگلانی ڕاستەوخۆی عێراقیش، ئەگەری تووشبوون بە پەتاکە زیاتر دەبێت و عێراق دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتە سەنگەرێکی نەخوازراو.
لەم حاڵەتەدا ڕەنگە عێراق خۆی لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە ململانێ ناوچەییەکان بەدوور بگرێت و سەرنجی لەسەر هەماهەنگی ناوچەیی بێت. لە ژینگەیەکی لەو شێوەیەدا عێراق دەتوانێت لەگەڵ هاوبەشەکانی کەنداو هاوتەریب بێت بۆ دروستکردنی بیناسازییەکی ئەمنیی ناوچەیی بەهێزتر، کە ئامانجی کەمکردنەوەی لاوازی بەرامبەر شۆکی دەرەکی لە داهاتوودا بێت.
توخمێکی سەرەکی لەم ڕێگایەدا هەوڵێکی دیپلۆماسی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنووری دەریایی لەگەڵ کوێت.
"پەرەسەندنی گرژییە ئەتۆمییەکان"
لەم سیناریۆیەدا ئێران بە شێوەیەکی فەرمی ڕایدەگەیەنێت کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێت و لە هەمان کاتدا یەکگرتوویی ناوخۆیی خۆی دەپارێزێت.
ئەگەر تاران بتوانێت سەقامگیری بەدەست بهێنێتەوە و لە ناوخۆدا کۆنتڕۆڵ دابمەزرێنێت، پێدەچێت عێراق لەسەر ڕێچکەی ئێستای خۆی بەردەوام بێت- ئەویش ئەوەیە کە بە وریاییەوە پەیوەندییەکان بەڕێوەببات، گرنگی بە ئاوەدانکردنەوەی ناوخۆ بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەبات دەکات بۆ پاراستنی سەروەری نیشتمانی. لەم دۆخەدا سێبەری بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی گەورە بەسەر ناوچەکەدا دەهاتە پێشەوە.
"کۆمەڵێک هەڕەشەی تێکەڵاو"
ڕەنگە سەرکردەکانی عێراق پێیان باش بێت کە خۆیان بەدوور بگرن و سەرنجیان لەسەر گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیری ناوخۆ بێت، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە پێشهاتە ناوچەییەکان تاڕادەیەکی زۆر لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەوانن.
ناسەقامگیری درێژخایەن دەتوانێت پەیوەندییە گرنگەکانی وزە و بازرگانی تێکبدات و بوژانەوەی ئابووری ناسکی عێراق بوەستێنێت. هەروەها لەوانەیە ئە دەسەڵاتە بخاتە مەترسییەوە کە نوخبە عێراقییەکان لەم دواییانەدا خەریکی چەسپاندنیان.
هەڕەشە ئەمنییەکان دەتوانن ململانێ ناوخۆییەکان هەڵبگیرسێنن یان عێراق بۆ شەڕی دەرەکی ڕابکێشن و شۆکەکانی سیاسی لە تارانەوە دەتوانن هاوسەنگی ناسکی هێز لە بەغدا تێکبدەن.
بە دڵنیاییەوە، بەبێ گوێدانە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، نەزمی ناوچەیی لە گۆڕاندایە. ئیتر پابەندبوون بە دۆخی ئێستا کار ناکات.
ئەگەر عێراق بیەوێت بەرگەی ئەو زریانە بگرێت کە لە پێشە، پێویستی بە دووربینی ستراتیژی و نەرمی و پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا دەبێت.
ئامادەکردنی:س:ش