راپۆرت

ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مووچە دەگاتە لووتکە

نها نیوز- راپۆرت

لە مانگی تەمووز داین، بەڵام هێشتا مووچەخۆری هەرێم مووچەی 2 ی مانگی رابردووی وەرنەگرتوە و دوای کۆبوونەوەکانی هەرێم و بەغداش لە سەر ئاستی باڵا لەبارەی  چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان، هێشتا هیچ بڕیارێك نییە بۆ ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت "راگرتنی مووچە بریارێکی سیاسیە، لە بەر ئەوەی خودی نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرپەرەشتی رێکەکەوتنەکەیان کردوە و هەرێمیش بە هەموو داواکارییەکانی بەغدا رازی بووە.

"راگرتنی مووچە بریارێکی سیاسییە"

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و هۆکاری نەناردنی مووچە  ئاشکرای دەکات، حکومەتی هەرێم بە سەرجەم داواکارییەکەکانی بەغدا رازی بووە و بە سەرپەرەشتی خودی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکەوتنەکە کراوە، بەڵام راگرتنی مووچە بریارێکی سیاسییە.

شیروان دووبەردانی پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت دا بە نها نیوزی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێمی كوردستان سێ داواکارییەکەی بەغدای جێبەجێ کردوە  کە دادگای فیدراڵی لە مانگی شوباتی 2024 بریاری لە سەری دا، ئەوانیش  (تەوتین، هەناردەی نەوت و داهاتیی ناوخۆیە)  کە  حکومەتی هەرێمیش لە ئێستا دا، رازی بووە بە هەر سێ داواکارییەکە، بەڵام بەغدا پابەند نابێت بە ڕێككەوتنەكانەوە و مووچە نانێرێت و بابەتەكە بە سیاسی كراوە.

ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەکاتەوە، راگرتنی مووچە بریارێکی سیاسیە، لە بەر ئەوەی نووسینگەی سوودانی سەرپەرەشتی ئەو رێکەوتنەیان کردوە و رەزامەندی لە سەر رێکەوتنەکە دراوە.

"مووچەخۆرانی هەرێم قوربانی یارییەکی ناشیرینی نێوان هەرێم و بەغداد"

 زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆکاری جۆراوجۆر قەیرانی مووچە بەرۆکی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانی گرتوە وتائێستا چارەسەرنەکراوە  ئەمە وایکردوە سەری زمان و بنی زمانی هەر تاکێکی کورد لە هەرێم ببێتە مووچە کە سەرەتایی ترین مافی خەڵکە.

 حكومەتی کاربەرێکەری هەرێم دوای نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق( کە لە 28 ی ئایار دەرچووکە تێیدا بریاری دا بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  له‌به‌ر ته‌واوبونی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی فیدڕاڵی) ڕایگەیاند، پلانی جێگرەوەیان هەیە، بەڵام نە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری مووچەی داوە و نە حكومەتی هەرێم بڕیاری دابەشكردنی مووچەی داوە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت " بەداخەوە مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانی یارییەکی ناشیرینی نێوان هەرێم و بەغدا".

چارەسەرنەکردنی مووچە و هۆکار و بیانووەکان جیاواز و جۆراوجۆرن هەرجارە و بابەتێک دەکرێت بە گرفت لەبەردەم پێدانی مووچە و خەڵک و شەقامی پێوە سەرقاڵ دەکەن، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم تایبەت بە نها نیوزی رایگەیاند، لە هیچ شوێنێک دا مووچە خۆر سزا نادرێت، بەڵام لێرە  بەداخەوە بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسان مووچەخۆر سزا دەدرێت، وتیشی" بەداخەوە مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانی یارییەکی ناشیرینی نێوان هەرێم و بەغداد".

"سودانی وەڵامێکی نافەرمیی حکومەتى کاربەڕێکەر دەداتەوە"

دوای 5 رۆژکوبوونەوەی چڕلە نێوان شاندی باڵای هەرێم و بەغدا ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون، هەر دوو حکومەت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی داهات گەیشتبنە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی  کە مەرجی هاتنی مووچەی هەرێم بوو، پێشبینیش  دەکرا دوای کۆبوونەوەکان  لەم هەفتەیەدا حکومەتی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدات بەڵام ئەوە رووی نەدا و بە پێی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتیدەکاتەوە شاندى هەولێر و بەغدا گەیشتبن بە رێککەوتن.

لەمبارەیەوە دارا سێکانیانی بە نهای راگەیاند "باشترین هانگاوی کرداری ئەوەیە ئەگەررێکەوتن کراوە، رێکەوتنەکەیان رابگەینن و کاتی هاتنی مووچە دیاری بکەن".

لەم کاتە هەستیارە دا کێ بەرپرسیارە لە قوت برینی مووچەخۆری کورد؟

لە دوای ساڵی 2014 ەوە كێشەی دواكەوتنی مووچە، پاشەکەوت و لێبڕین، بە بیانووی قەیرانی دارایی و نەناردنی پارە لە بەغداوە، كاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دواجار كۆمەڵگە دروستکردووە، لەبەرئەوەی لاوازبوونی ئابووری فەرمانبەران واتا لاوازبوونی بازاڕ و ئابووری گشتی،  شارەزایەکی دارایی و بانکیش هۆشداری لە خراپتربوونی دۆخەکە دەدات ودەڵیت "هەرێم و بەغدا لەم دۆخە بەرپرسیارن".

گوڵاڵە سدیق شارەزایەکی دارایی و بانکی سەبارەت بە بریارەکەی تەیف سامی لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ نها دەڵیت" لەم دۆخە دا هەرێم و بەغداد بەرپرسیارن، دوای 2014 وگرێبەستی 50 ساڵە پرسی مووچەی مووچە خۆران بەم دۆخە گەیشت و پووکانەوەیەکی زۆر لە هەرێم روویدا وبۆ پرکردنەوی کۆرتهێنان دەست بۆ لێبرینی مووچە براو کاریگەری بۆ سەر بازارەکان درووست کرد.

 دەشڵێت "پێش2014 بوودجەی هەرێم بە تەواوی دەهات و هێچ کێشەیەک رووی نەدەدا و زۆرترین گەشەی ئابووری لە زۆربەی سێکتەرەکان  لەو ساڵانەدا بوو".

 ئەو شارەزایە ئەماژە بەوەش دەکات حکۆمەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە سەبارەت بە ناردنی داهات و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بەبانکیکردنی مووچە، ئەمانەش بوونەتە بیانووبە دەست بەغداوە بۆ ئەوەی مووچە و بوودجەی هەرێم را بگرێت و لەم نێوەندە دا تەنیا مووچە خۆرانی هەرێم زەرەرمەندی یەکەمن.

کەی کێشەی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی گرت؟

سەرهەڵدانی کێشەی مووچە لە هەرێمی کورستان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوتی خۆی کرد و ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند. 

ناوەڕاستی ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگەیاند ، عێراق وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و لەو کاتەدا  قەیرانی مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی هەرێمی گرت و پاشەکەوت و لێبرێنی مووچە سەری هە‌دا.

"پاشەکەوت ولێبرینی مووچە"

بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕوبەڕوی قەیرانی سەختی ئابووری کردەوە و حکومەتی  هەرێمی ناچار کرد دەست بۆ برینی مووچە ببات و لە مانگی ئەیلولی 2015 پاشکەوتی مووچەی ڕاگەیاند و تا مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەردەوام بوو.

پاشەکەوتی مووچە: ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لەم موچەکانیان پاشەکەوت کرا.

لێبڕینی موچە: ئەم قۆناغە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی داهێنرا، لەم قۆناغەدا لەماوەی ساڵی (2020 - 2021) موچەخۆران (7) موچەی تەواویان بڕاو و (10) موچەشیان بە لێبڕینی (18%) و (21%) بۆ خەرجکرا.
کۆی ئەو شایستە داراییانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی لێبڕین و پاشەکەوتی موچەوە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتیە لە:
(10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار پاشەکەوت (لە کابیەی هەشتەم) + (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار (لە کابیەی نۆیەم) = (18 ترلیۆن و 787 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. 

"فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیرا"

ساڵی2023 ، ساڵێکی پر نەهامەتی بوو بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و جارێکی دیکە نەدان و دواکەوتنی  مووچە بەرۆکی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان گرتەوە و سێ مووچەی کۆتایی مووچەخۆران دابەش نەکرا، لەبەر ئەوەی  ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی 2015دا تۆمارکرابوو، بڕیاریدا کە ھەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ناتوانێت نەوت بفرۆشرێت و دوای بڕیارەکەش ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا.

لەو کاتەوە هەتا ئێستا دوای چەندین رێکەوتن و کۆبوونەوە و دانۆستان نەتوانراوە دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێتەوە و بەربەستەکانی ئەو دۆسیەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا لا ببرێت کە یەکێک لەهۆکارەکانی راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.

داددگای فیدراڵی : عێراق بەبێ قەرز مووچە بۆ هەرێم بنێرێت

دوای راگرنتی فرۆشتنی نەوت لە لایەن دادگای پاریسەوە، هەرێم چیتر نەیتوانی بە پاشەکەوت و بە لێبرینیش مووچە دابەش بکات و کێشەکە گەورەتر بووهەتا دادگای فیدراڵی عێراق لە دوای چەندین سکاڵای فەرمانبەرانی نارازیی هەرێم ، هاتە دەنگ و وتوانی رۆڵی چارەسەرکار ببینێت.

لە 21ـی شوباتی 2024، بە بریارێک حکومەتی عێراق و هەرێمی کورستانی بە دابەشکردنی مووچە پابەند کرا

بەپێی بڕیارەکانی ئەوکاتی دادگای فیدراڵی ده‌بێت حكومه‌تی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بدات و دابین نه‌كردنی پێشێلكارییه‌، ده‌بێت مافی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، دەبێت حکومەتی عێراق بەبێ قەرز مووچە دابین بکات و  حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕۆژانە ڕادەستکردنی بڕی ئەو نەوتەی لەسەری ڕێککەوتوون، لەبەرامبەردا حکومەتی ناوەندی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

دوای بریارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق دەستی بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان کرد کە ئێستا مانگانە خەرجییەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد دەکات.

"پشکی هەرێم لە بوودجە"

لە ناوەراستی  ساڵی 2024 وبە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خشتەی بودجەی پەسند کرد. بەپێی بودجەی پەسند کراو، مانگانە 965 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 21 تریلیۆن دینارە.

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "زیاتر لە 11.5 تریلیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، کە ئەم بڕە پارەیە جیاکراوەتەوە لە مەرجی خەرجیی کرداری و ئینفاقی فیعلی بەڵام،
 سەرەرای پەسەند کردنی یاسای بوودجە بەڵام هەتا ئێستاش کێشەی مووچە کۆتایی نەهاتووە و هات ونەهاتی مووچە بووە بە هەواڵی گەرمی میدیاکان. 

"زەنگی مەترسی بۆ مووچەی 8 مانگی هەرێم لێدرا"

رۆژی چوارشەممە 28ی ئایاری 2025 لە کاتێدا لە مووچە خۆرانی هەرێم چاوەڕێێ  مووچەی مانگی 5 یان دەکرد ، وه‌زیری دارایی عیراق بڕیاریداوه‌ چیتر مووچه‌ بۆ هه‌رێم نه‌نێرێت، هۆكارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی سێ ساڵی رابردوو كه‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند كراوه‌ بۆ ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 ته‌واوبووه‌، بەشێک  لە لایەنە کوردستانیەکانیش دەڵێن ئەو نوسراوەی دارایی عیراق نادەستورییە وئەمەش کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە.

"کاردانەوەی هەرێم دژی بریارەکەی دارایی عێراق"

بریارە کت وپر ونادەستوورییەکەی تەیف سامی فراکسیۆنە کوردییەکانی کۆ کردەوە و بریاریان دا هەڵوێستێکی جددی و یەکگرتوویان هەبێت و رایانگەیاند، وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوا لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق و دادگای باڵای فیدراڵی دەكەین، كە ئەو هەڵەیە راستبكرێتەوە، چونكە پێمانوایە نوسراوەكە سەرپێچی یاسایە و بە بڕیارێكی سیاسیی دەزانین، هاوكات وەزیری دارایی ئەو دەسەڵاتەی نییە، كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رابگرێت .

د. نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتیی رایگەیاند. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی پێچه‌وانه‌ی بڕ‌یاری ژماره‌ 224ی دادگای فیدڕ‌اڵییه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و شێوازه‌ی پشكی هه‌رێمی پێ هه‌ژمار كراوه‌، له‌و نووسراوه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و ژمێریاری نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ هێشتا خشته‌ی داهات و خه‌رجی ساڵی 2025 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نەناردووە، كه‌ پێچه‌وانه‌ی ماده‌ی 77/دووه‌م له‌ یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ هه‌موو رێكارێكی ده‌ستووری و په‌رله‌مانی ده‌گرینه‌به‌ر".

وەزارەتی دارایی هەرێم:بریارەکەی تەیف سامی نادەستوورییە

 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمی وەڵامی نوسراوەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە سەبارەت بە راگرتنی تەمویلی موچەی هەرێم بۆ هەشت مانگی ئەمساڵ و رایگەیاند، بڕیاری نەناردنی مووچە، پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی ماددەی 121ی دەستووری عیراقە، كە بەپێی ئەو ماددەیە پێویستە لە داهاتە فیدراڵییەكاندا داهاتی دادپەروەرانە بۆ هەرێمەكان و پارێزگاكان تەرخان بكرێت.

وەزارەتی دارایی عێراقیش وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، رادەستنەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم بۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بووەتە هۆی ئەوەی خەزێنەی گشتی بە ترلیۆن دینار، زیانی پێبگات.

دەشڵێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد بکات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی بکات؛ وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبووە بە یاسا و بڕیارەکەی دادگا، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە.

پەرلەمانتارێک :برینی مووچە بیانووە

دارا سێکانیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ نها هۆکاری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران ئاشکرادەکات و دەڵێت " نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بیانووە کە هەر جارێک بە بیانووێک دەست بۆ قووتی هاوڵاتییانی هەرێم دەبات کە ئەمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە هەردوو حکومەتی پابەند کردووە بەوەی نابێت مووچەی موچەخۆران بکرێتە قوربانی ئاڵنگارییە سیاسییەکان".

سێکانیانی باسی لەوەش کرد، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش کەمتەرخەمە و دەستی دەستی بە بەغدا دەکات لە ڕادەست کردنی داهات و تەوتیندا، وەک پێویست پابەند نابێت جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا کردوویەتی.

"مەسەلەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کراوەتە مەرج بۆ ناردنی مووچەی هەرێم "

29ی حوزەیرانی 2025  کۆبوونەوەکانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی  دەستی پێکرد.

ڕێککەوتنە بەراییەکە وایە رۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات و 120 هەزار بەرمیلی دیکەش لە نێوخۆدا بەکاربهێندرێت. لەبەرامبەردا بڕیارە تاوەکو کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نرخی بەرهەمهێنانی هەر کێڵگەیەک دەخەمڵێنێت، کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلاریان پێ بدرێت، بەڵام رەزامەندیی کۆمپانیاکان لەسەر ئەو رێککەوتنە ماوەو هێشتا لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پەسەند نەکراوە .

ئامادەکردنی:س.ش

 
2025-07-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.