هێمن مەحمود
لە ماوەی 12 رۆژی جەنگی ئێران ئیسرائیل، زیانێکی زەبەلاح بەر هەریەکە لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا کەوتوە، بە جۆرێک کە بەپێی ئامارییەکان ئێران زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار زیانی وەبەر کەوتوە، تێچوی هێرشی سەربازی ئەمریکاش بۆ سەر ئێران بە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار دەخەملێنرێت.
جەنگی 12 ڕۆژەی ئیران و ئیسرائیل، جگە لە زیانە مرۆییەکان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 600 کەس لە ئێران و 28 کەسیش لە ئیسرائیل، زیانێکی زۆری مادی بەر سێ لایەنی شەڕەکە گەیاند.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران زیانی 500 ملیار دۆلاری بە ئێران گیاندوە، ئەوش تەنها زیانی راستەوخۆی سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگرێتەوە بەڵام لە ماوەی 20 سالی رابردو ئێران بە هۆی پێداگری لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی زیانێکی زۆر گەورەتری بە هۆی سزا و گەمارۆکانی سەر ولاتەکەی بەرکەوتوە.
ئەنستیتۆتی کارنێگی لە ساڵی 2023 بڵاویکردەوە، دەرکەوتوە کە ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە سزای وڵاتانی بەسەردا سەپێنراوە و ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی 500 ملیار دۆلاری زیانی بەر بکەوێت، بەوەش کۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە هێرشەکان و ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپینراوە تا ئێستا نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتوە.
ئەوە تەنها ئێران نەبوو کە بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا زیانی وەبەرکەوتووە، بەڵکوو بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ سی ئێن ئێن: ئەمریکا شەش فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری B-2 بەکارهێناوە بۆ فڕێدانی 12 بۆمبی بنکەر- بەستەر لە پێگەی ئەتۆمی فۆردۆ لە ئێران، ئەمەش بەو مانایەیە کە تێچووی بۆردومانکردنی ئەم ڕیاکتۆرە بە تەنها شەش ملیار دۆلار بوە.
هاوکات ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەمریکا تودەی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران کاردانەوەی نەرێنی لە بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان و بەرزبونەوەی نرخی نەوتی لێکەوتەوە و هەروەها نادڵنیایی بازاڕی زیاد کردوە ئەوەش بەهۆی کەمی زانیاری سەبارەت بە ڕادەی زیانەکان و پێشهاتەکانی داهاتوی ململانێکان.
لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن، بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕۆژانە لانیکەم ملیارێک دۆلار زیان بەر ئیسرائیل کەوتوە ئەوەش جگە لە داخرانی بازارەکان و فڕۆکەخانەکان، سەرەرای ئەمەش ئیسرائیل ولاتێکە کە پشتێکی زۆر بە داهاتی گەشتیاریی دەبەستێت و لەو ماوەیەشدا بە هۆی راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکان بە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتوە و پیس ناچێت بەم زووانە دۆخی ئیسرائیل ئاسایی بێتەوە.
ئەگەرچی ئەو جەنگە لە ئێستادا راگیراوە، بەلام نادڵنیایی ولاتەکان بۆ بەردەوام بونی ئاگربەست و هاوکات ناسەقامگیری بازارەکان دەتوانێت کاریگەری درێژخانەی نەرێنی ئابوری دابنێت بە جۆرێک کە ئەگەرچی جەنگ لە نێوان دو ولات راگیراوە، بەلام لێکەوتەکان و ئاسەوارە ئابورییەکانی ئەو جەنگە هەر وا بەردەوامە.