راپۆرت

گورزە کوشندەکەی تاران و بێدەنگی ئیسرائیل: بەڵگەنامەی ئەتۆمی هەستیار یان شەڕی دەروونی؟

نهانیوز-هەواڵەکان

میدیا فەرمیەکانی ئێران بڵاویان کردەوە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە، بڕێکی زۆر بەڵگەنامە و زانیاری لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل دەستکەوتوەو شرۆڤەکارانیش ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بەیەکێک لەگەورەترین‌و سەرکەوتوترین دزەکردنی هەواڵگریی لەمێژوی ململانێی ئێران‌و ئیسرائیل وەسفکردوە.


وردەکاری ئاشکرابوونی بەڵگەنامەکانی ئیسرائیل

رۆژی شەممە 7ی حوزەیرانی 2025، میدیا فەرمیەکانی ئێران رایانگەیاند، دەزگای هەواڵگریی ئێران، هەزاران بەڵگەنامەی ستراتیجی، ئەرشیفی زۆر نهێنی و هەستیاری پەیوەست بە پرۆژە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێسرائیل دەست کەوتووە ، له‌وانه‌ پلان و زانیاری سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كان له‌ ته‌لئه‌بیب، و تاران ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی به‌ گۆرزێکی  ئازاربه‌خش" له‌ ئیسرائیل وه‌سف كرد.

چه‌ند سەرچاوەیه‌كى ئاگاداری ئێرانی بۆ میدیای وڵاته‌كه‌یان قسه‌یان كردوه‌و باسیان له‌وه‌كردوه‌، ئۆپەراسیۆنی بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە ماوەیەک لەمەوبەر ئەنجامدرابوو، بەڵام بەهۆی زۆریی‌و پێویستی گواستنەوەی زانیارییه‌كان بەشێوەیەکی پارێزراو، بڵاوکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دواخرابوو تادڵنیابوەوە کە سەرجەم بەڵگەنامەکان گەیشتون.

هەر ئەمرۆ یەکشەممە ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، بەمنزیکانە ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی ئیسرائیل بڵاودەکەنەوە کە هەواڵگریى وڵاتەکەیان دەستیخستوون.

ئیسراییل بێدەنگە!

تا ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل بە فەرمی وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەیان  نەداوەتەوە، ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیلیش كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كان و ڕه‌تیكرده‌وه‌ هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵانه‌ بدات كه‌ باس له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌زاران به‌ڵگه‌نامه‌ی ستراتیژی و هه‌ستیاری ئیسرائیل ده‌كه‌ن.

ئەمەش لە کاتێکدایە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئیسرائیل (شاباک) و پۆلیسی وڵاتەکە، 17 ڕۆژ لەمەوبەر دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتیی ئیسرائیلییان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران ڕاگەیاند.

بە گوێرەی زانیاریی میدیا ئیسرائیلییەکان، ئەم دوو دەستگیر کراوە ڕۆڵیان لە دزەپێکردنی بەڵگەنامەکاندا بۆ ئێران هەبووە.

ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێران ئاشكرایكردوه‌، به‌ ڕواڵه‌ت ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ له‌لایه‌ن سیخوڕی ئیسرائیلی "ڕۆی میزراهی" و "ئه‌لمۆگ عه‌تیاسه‌وه‌" ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ دوو ئیسڕائیلی ته‌مه‌ن 25 ساڵن و به‌م دواییه‌ تۆمه‌تبار كرابون به‌ سیخوڕیكردن بۆ ئێران.

ئاشکرابوونی ئەم بەڵگەنامانە دوای ئەوە هات کە تاران زۆر بە تووندی رەخنەی لە ڕاپۆرتێکی نوێی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گرت و ئیسرائیلیشی بەوە تۆمەتبار  کرد کە کردەوەی تێکدەرانەی  لە ناو بنکە ئەتۆمییەکانی ئەنجام داوە .

"ئیسرائیل 11 هەزار بەڵگەنامەی نهێنی ئێرانی دەست کەوت"

جێگەی ئاماژەیە، له‌ ساڵی 2018دا ئیسرائیل ده‌ستی به‌سه‌ر نزیكه‌ی 11 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ست به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێراندا گرت و بنیامین ناتانیاهۆش له‌ میانی وتاره‌كه‌یدا له‌ كۆبونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان شانازی به‌و بابه‌ته‌وه‌ كرد.

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2018 ئاشکرای کرد، بریکارەکانی ئیسرائیل ئەرشیفێکی بەرفراوانیان لە بەڵگەنامەکانی ئێران دەستکەوتووە کە دەریدەخات تاران کاری زیاتری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووە لەوەی پێشتر ڕایگەیاندبوو.

گرژییەکان روو لە زیادبوونە..

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژیەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ئەگەری هێرشی سەربازیی ئێسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە،  لە دوایین کاردانەوەی نێودەوڵەتیدا، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، نیگەرانیی خۆی لە بەرنامەی  ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە هەستیارترین دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکەی ٨٠٠ مەتر لە ژێر زەویدا هەڵکەوتوون و دەستڕاگەیشتنیان زۆر سەختە.

لەلایەکی دیکەوە، مەحمود عەباسزادە مێشکینی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران و ئەندامی پێشووی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئینتەرنێتی هەمشەهری رایگەیاند،  ئیسرائیل نیگەرانە لە بەکارهێنانی بەڵگەنامەکانی کۆماری ئیسلامی و “نە دەتوانێت و نە دەوێرێت زیان بە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت.

گرۆسی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ئەگەری کردەوەی سەربازی هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەنانەت ئەو کاتەش لەناوبردنی تەواوەتی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران مومکین نابێت، لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دڵنیایی داوەتە ئەمریکا کە تا دانوستانەکان بە تەواوی شکست نەهێنن بەرامبەر بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی هەنگاو نانێت، هەرچەندە ئامادەکارییە سەربازییەکان بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە بەردەوامە.

ئامادەکردنی/ س.ش

2025-06-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.