لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پیرمام بۆ "مووچە" چی روویدا؟
نها نیوز- راپۆرت
لە پیرمام کۆبوونەوەی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵا بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بڕیارەکەی تەیف سامی لەگەڵ مووچەی مانگی پێنج بەڕێوەچوو و دوای کۆبوونەوەکە لایەنە بەشداربووەکان لەڕایگەیاندراوێکی فەرمیدا جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە بژاردەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بەمەبەستیی گەیشتن بە چارەسەر و ناردنی مووچە لەلایەن بەغدا.
ئەمڕۆ شەممە، لەسەر دەست پێشخەریی پارتی بۆ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا بەرامبەر ڕاگرتنی مووچەی مانگی پێنج و بڕیارە لەناکاوەکەی تەیف سامی لەبارەی تەواوبوونی بودجەی تەرخانکراو بۆ ساڵی (٢٠٢٥) لەلایەن بەغداوە، بەبێ بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، کۆی لایەنە بەشداربووەکانی دانیشتنی پیرمام ڕاگەیاندراوێکیان لەسەر ئەنجامی دانیشتنەکە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: "بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن بە باشترین ڕێگەچارە دەزانین بۆ ئەم قۆناغە، لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان".
هاوکات، مەجید حەمەدەمین ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی و یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەشێك لە لایەنەكان دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە بۆ رۆژنامەنوسەکانی ئاشکراکرد "بڕیاردرا ئەگەر بەقەرزیش بێت هەرێم مووچەیەك لە بەغدا وەربگرێت تاوەكو كێشەكە بەشێوەیەكی بنەڕەتیی لەنێوان هەردوو حکومەت چارەسەر دەکرێت".
هەر ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا وتی: "قەت باسی كشانەوە لە بەغدا نەكراوە، كشانەوەش حەل نییە، بە مفاوەزات زۆر بەئاسانی كێشەی مووچە حەل دەبێت".
ئاماژەی بەوەش کرد:" لە بەغدا بكشێیینەوە هیچ وەرەقەیەكی سیاسیمان بەدەستەوە نییە".
مەجید حەمەدەمین وتیشی: "بەمەزەندەی من لەوانەیە لە خیلالی سێ رۆژی دیكە كێشەی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران ئەگەر بە موەقەتیش بێ چارەسەر دەبێت".
سەبارەت بە دروست بوونی گرژی و بەجێهێشتنی هۆڵی کۆبوونەوە لەلایەن دانای ئەحمەد مەجیدەوە پێش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، ئەوەشی خستەڕوو: "شاندی گۆڕان شاندێكی نەرم و نیان بوون، شاندی گۆڕان لە حزبە زۆر نەرمەكان بوون، ئەوەی كە هیچ كێشەیەكی نەبوو لەگەڵ كۆبوونەوەكە كاك دانای ئەحمەد مەجید بوو".
دووپاتیشی کردەوە: "ئەوەی توند بوو لە كۆبوونەوەكە ئێمەبووین لایەنە توركمان و مەسیحییەكان بوون لەبارەگای پارتی لە پیرمام".
جگە لەوەش هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی بەرەی گەل و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان (گردەکە) ئامادەی کۆبوونەوەکەی پیرمام نەبوون و بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە بابەتە چارەنووسسازەکان لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، نەوەک لە دانیشتنی لایەنە سیاسییەکانەوە بابەتە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بڕیاریان لەسەر بدرێت.
بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان (کوردسات) بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیە ئەگەرچی پێشتر باڵی (گردەکە) ڕەتیانکردەوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکەن و داواشیان کرد لە باڵەکەی دیکەی بزووتنەوەکە بەناوی گۆڕانەوە بەشداریی نەکەن.
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پیرمام، دانای ئەحمەد مەجید پێش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، هۆڵی کۆبوونەوەی جێهێشت و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی گۆڕان باڵی (کوردسات) وتی: "بۆ گەیاندنی غەمی گیرفانی مووچەخۆران بەشداریی کۆبوونەوەکەمان کرد".
باسی لەوەش کرد: "لە کۆبونەوەکەدا وتمان داهاتی نەوتی و نانەوتی ناشەفافە و بەهۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سزای خەڵک دەدرێت".
دلێر عەبدولخالق جەختی کردەوە لەوەی " پێویستە دامەزراوە فەرمییەكان حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان دانوستان لەگەڵ بەغدا بكەن".
حزب و لایەنە کوردستانییەکان:
1. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.
2. بزووتنەوەى گۆڕان.
3. پارتى سۆسیالست دیموکراتى کوردستان.
4. بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان.
5. حزبى شیوعى کوردستان.
6. بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کوردستان.
7. حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان.
8. پارتى ڕەنجدەرانى کوردستان.
9. پارتى پارێزگارانى کوردستان.
10. یەکێتیى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان.
11. بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان.
12. پارتى نەتەوەیى کوردستان
13. بزووتنەوەى ڕزگارى دیموکراتى کوردستان.
14. حزبى پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان.
15. پارتى بنیادى دیموکراتى کوردستان.
16. بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان.
17. هاوپەیمانى نیشتمانى.
18. حزبى ڕزگارى کوردستان_دەستەى سەرۆکایەتى.
19. پارتى دیموکراتى تورکمان.
20. پارتى نیشتمانى تورکمان.
21. پارتى ڕزگارى نەتەوەیى تورکمان.
22. پارتى یەکگرتووى تورکمان.
23. بزووتنەوەى تورکمانى بێلایەن.
24. پارتى گەشەپێدانى تورکمان.
25. پارتى چاکسازى تورکمان.
26. پارتى گەلى تورکمانى عێراق.
27. بەرەى تورکمانى.
28. بزووتنەوەى دیموکراتى تورکمان.
29. پارتى گەزەنگى تورکمان.
30. پارتى ئیرادەى نیشتمانى تورکمان.
31. پارتى تورکمان ئیللى.
32. لیستى میللەت.
33. لیبراڵى تورکمانى.
34. پارتى یەکێتى دیموکراتى کلدانى.
35. پارتى ئەنجوومەنى نەتەوەیى کلدانى.
36. حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن.
37. پارتى ئەنجوومەنى میللى کلدانى سریانى ئاشوورى.
38. ڕەوتى شلاما.
39. پارتى بزووتنەوەى گردبوونەوەى سریانى.
40. کۆمەڵەى ڕۆشنبیرى ئەرمەن.
41. دەستەى کارگێڕى بەڕێوەبردنى طائیفەى ئەرمەن.
42. ڕابیتەى کلدانى جیهانى.
43. پارتى دیموکراتى کوردستان.
ئامادەکردنی/ نها نیوز
|