ناتانیاهۆ بۆ هێرشی سەربازی چاوەرێی گلۆپی سەوزی ترەمپە
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆس کەلە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، ئێسرائیل ئامادەکاری دەکات لە ئەگەری داڕمانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە خێرایی گورزێکی کاریگەر لە تاران بوەشێنێت.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، دەزگای هەواڵگری ئێسرائیل تەنیا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە ئەگەری رێکەوتنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا گۆریوە و پێیوایە دانوستانەکان بەرەو داڕمان دەچێت و بە زوویی شکست دەهێنێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوەکردووە، سوپای وڵاتەکەی پێیوایە ڕەنگە بەم نزیکانە ئێسرائیل بریاری کۆتایی بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوو بدات، بۆیە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، پێویستە ئێسرائیل بەخێرایی هەنگاو بنێت.
لە 12ی نیسانی 2025 تا ئەمڕۆ هەینی پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون. سەڕەرای ناکۆکییەکان، هەردوو لایەن جەخت لەسەر درێژەدان بە دانوستاندنەکان دەکەنەوە.
"(بی بی) چاوەڕێی شکستهێنانی دانوستانە ئەتۆمییەکە دەکات"
ئاژانسی ئاکسیۆس رایگەیاند، دوو سەرچاوەی ئێسرائیل راپۆرتێکی سی ئێن ئێن-یان پشتراستکردووەتەوە کە هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکە. هەروەها باس لەوەش دەکات، هێزەکانی بەرگری ئێسرائیل مەشق و ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئەنجام دەدەن، یەکێک لەو سەرچاوانە دەشڵێت، "مانۆڕێکی زۆر ئەنجامدراوە و سوپای ئەمریکا هەموو شتێک دەبینێت و تێدەگات کە ئێسرائیل خەریکی خۆ تەیارکردنە".
سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل دەکات و رایدەگەیەنێت، "(بی بی) چاوەڕێی شکستهێنانی دانوستانە ئەتۆمییەکە دەکات و چاوەڕوانی ئەو ساتە دەکات کە ترەمپ لە پڕۆسەی دانوستانەکان بێ هیوا دەبێت گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ بکات".
لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسێکی ئێسرائیلی ئاشکرایکردووە، سەرەتای ئەم هەفتەیە ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر نهێنی لەگەڵ کۆمەڵێک وەزیر و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و هەواڵگری سەبارەت بە دۆخی دانوستانە ئەتۆمییەکان ئەنجامداوە.
ئێسرائیل ترسی لە رێکەوتن هەیە
بۆ ئەو مەبەستە تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتکدا ئاشکرایکردووە، ئێسرائیل لە ڕێککەوتنی بەپەلەی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی پرسی ئەتۆمی، دەترسێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێسرائیل نیگەرانی ئەوەیە، سەرکردەکانی عەرەب دۆناڵد ترەمپیان ڕازی کردبێت بەوەی ڕێککەوتنێکی بەپەلە لەگەڵ ئێران بکات و ئێسرائیل پشتگوێ بخات.
لەوبارەیەوە ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە، کە پشتگیری لەهەر ڕێککەوتنێک دەکات کە ڕێگری لە ئێران بکات لە پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕێگری بکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەچوونی بۆ ئێسرائیل، نیشانەی ئەوەیە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ لەهەر کاتێکی دیکە زیاتر لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگوێ خراوە.
جگە لەوەش بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی وتووە، ئیدارەی ترەمپ نیگەرانە لەوەی کە ناتانیاهۆ تەنانەت بەبێ مۆڵەتی فەرمی سەرۆک ترامپ هەنگاو بنێت.
"هێرش بکرێتە سەرمان، ناوچەکە لە ئاگر هەڵدەکێشین"
لە کاردانەوەیەکی خێرادا لەبارەی ئەگەرە نزیکەکانی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەلایەن ئێسرائیلەوە کە ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس' لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری ئێسرائیل بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری داوە لەوەی، ئەمەریکا بە بەرپرسیار دەزانن لەهەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی.
رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، زۆر بەتوندی هۆشداریی لەهەر نیاز و هەوڵێکی ئێسرائیل دەدەین ئەگەر بیەوێت هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان و وەڵامی بەهێزی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک دەدەینەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێمای بۆ ئەوەشکردووە، ئەگەر ئێسرائیل هێرش بکاتەسەر بنکە ئەتۆمییەکانمان، واتای ئەوەیە واشنتۆن بەشدارە لە هێرشەکە، بۆیە دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەو هێرشە هەڵبگرێت.
لایخۆشیەوە عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران وتی "ئەگەر هێرش بکرێتەسەر ئێران و شەڕ بەسەرماندا بسەپێندرێت، بەهێزەوە وەڵام دەدەینەوە و دەست لە هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمەریکا و ئێسرائیل لە ناوچەکە نا پارێزین ، دەشڵێت "هێرش بکرێتە سەرمان، ناوچەکە لە ئاگر هەڵدەکێشین".
سوپای پاسدارانی ئێران هەرەشە دەکات
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێرانیش رۆژی پێنجشهممه 22ی ئایار ههڕهشهی له ئێیسرائیل كردو رایگەیاند، ئهگهرهێرش بۆسهر دامهزراوه ئهتۆمییهكانی ئهو وڵاته ئهنجام بدات، وهڵامێكی وێرانكهر و چارهنوسساز دهداتهوه.
لەوبارەیەوە عهلی محهممهد نائینی، وتهبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، "به شهڕ ئێمه دهترسێنن، لهكاتێكدا ئێران پشتیوانی جهماوهری و سهربازیی بههێزی ههیه و له شهڕ ناترسێت، لهكاتێكدا ئێسرائیل له ههلومهرجی سهردهمی شهڕدا بێ ئاگایه له هێزی جهماوهریی ئێران".
باسی لهوهشكرد، ئهگهر ڕژێمی ئێسرائیل بوێری ئهنجامدانی كردهیهكی گهمژانهی شهڕانگێزانهی ههیه، بهدڵنیاییهوه له جوگرافیای لاواز و بچوكی خۆیدا وهڵامێكی چارهنوسساز و ماڵوێرانكهر وهردهگرێت.
تێبینی/ ناوی (بی بی) نازناوی بنیامین ناتانیاهۆ بووە لەماوەی کارکردنی لە سوپادا.
ئامادەکردنی/ سەیران شەریفی
|