راپۆرت

ئایا کۆتایی بە ململانێی دەیان ساڵەی ئێران و ئەمریکا دێت؟

نهانیوز-هەوالەکان

لە مانگێک لەومەوبەرەوە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێکردەوە و تاران و واشنتۆن تا ئێستا سێ گرێ گفتگۆیان ئەنجام داوە و بڕیاریشە ئەو گفتگۆیانە بەردەوام بێت.

ئێران لەو دانوستانەدا بەنیازە ڕێکەوتنێکی هاوشێوەی ڕێکەوتنی ساڵی 2015 کە بە کۆبوونەوەی(5+1) ناسراوە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکات و لەبەرانبەریشدا داوای لابردنی سزاکانی سەری دەکات، بەڵام ئەوەندەی ئێران داواکارییەکان بەڕوون و ئاشکرایی باس دەکات لە بەرانبەردا ڕوانینی جیاواز لەناو بەرپرسانی ئەمریکی دەبیندرێت .

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەو بارەیەوە لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات لە ئێستدا سێ ئاراستەی فیکری لە ئیدارەی ترەمپدا دەبیندرێت کە بریتین لە، ترمپیستەکان، نیۆکانەکان و ئیزلۆشنیستەکان.

ترەمپیستەکان گوێ لە مستی دۆناڵد ترەمپن و چی ئەو بڵێت ئەوان جێبەجێی دەکەن، ئیزۆلۆشنیستەکان لەسەر ئەوە باوەڕە فیکرییەن کە دەبێت ئەمریکا تەنها بۆ ئەمریکا بێت و دروشمی سەرەتا ئەمریکا دەدەنەوە ئەو ڕەوتە فیکرییە خوازیاری ئەوەن ئەمریکا کەمتر دەستوەردان لە وڵاتاندا بکات، بەلام نیۆکانەکان لەو گرووپەن کە خوازیاری بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکان بۆ سەپاندنی هەژمۆنی وڵاتەکەیان و ئەو سی گرووپە سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بیروڕای جیاوازیان هەیە بە تایبەت سەبارەت بە پرسی ئێران و ڕێگەی چارەی چارەسەر کردنی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران.

لەو نێوانەدا نیۆکانەکان کە مارکۆ ڕۆبیۆی وەزیری دەرەوە نوێنەرایرتیان دەکات خوازیاری سەختگیری لەبەرانبەر ئێرانن و دەڵێن دەبێت تاران ئەو پەڕی داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات لە بەرانبەردا ، ئیزۆلشنیستەکان کە جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا نوێنەرایەتییان دەکات خوازیاری ئەوەن کە لەگەڵ ئێران نەرمی بنوێندرێت و لە ڕێگەی دیپلۆماسی پرسی ئێران چارەسەر بکرێت.

لەو نێوانەدا دۆناڵد ترەمپ هەر کات و بەشێوەیەک لە لێدوانەکانیدا لایەنگری لە یەک جۆر لەو روانینانە دەکات، جارێک دەڵێت، ئێران تەنها نابێت ببێت بە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم و جارێک باس لەوە دەکات ئێران پێویستە دەستبەرداری کۆی گشتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.

بەشێک لە شارەزایانی سیاسی ئێران لەو بارەیەوە باس لەوە دەکەن، ئەو جۆر لە جیاوازی لێدوانانە، جۆرێک لە سیاسەتکردنە بۆ ئەوە ئێرانی پێ بترسێنێت و لە کۆتاییدا تاران رازی بە قبووڵکردنی داواکارییەکانی واشنتۆن بێت.

ئەوەی لە کۆتاییدا دەتوانرێت باسی لێبکرێت ئەوەیە،  ئاستەمە ئەمریکا لە ئێستادا هێرشی سەربازی بۆ ئێران بکات و لە کۆتاییدا ترەمپ لایەنی ئەوانە دەگرێت کە خوازیاری نەرمی نواندنن، ئەمریکا لە ئێستادا لەگەڵ چەندین قەیرانی گەورە رووبەڕووە، بەتایبەت قەیرانی بازرگانی لەگەڵ چین و هەڵگیرسانێ جەنگێکی دیکە دوایین شتێکە کە ئەمریکا دەیەوێت.، هاوکات ئێران وڵاتێکی بەهێزە و لە بواری سەربازییەوە ئەگەر ئیرادە بکات لە ڕێگەی بەستنی گەرووی هۆرموز یا خود هێرشێک بۆ سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییە، نرخی نەوت بگەیەنێتە150 تا 500 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بۆیەش پێدەچێت کە لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسی سازش بگات، بەڵام لێردەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئیسرائیل لەو نێوانەدا ئامادەیە ئەو ڕێکەوتنە قبوڵ بکات یا خود نا؟


2025-05-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.