راپۆرت

نهانیوز وادەی سێیەم كۆبونەوەی لایەنەكانی كەركووك ئاشكرادەكات

نها نیوز- هەواڵەکان

وا بریارە هەفتەی داهاتوو، لایەنە سیاسییە براوەكانی ناو كەركووك بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی كۆببنەوە و  ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش دەڵێت،" رۆژی یەكشەممە كۆدەبنەوە".

ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی یەکێتی، بە نهانیوزی راگەیاند،" چاوەرێی كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقن، لەگەڵ لایەنە براوەكانی ناو كەركووك كۆدەبێتەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختی لەوە کردەوە،" چاوەرێن  بزانین چ گۆرانكارییەك روودەدات".

هاوكات، پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یش ئەوەی ئاشكراكرد،" سەرۆك وەزیران  داوای پڕۆژە و پێشنیازی لە سەرجەم لایەنەكانی ئەنجومەن كردووە".
 
جەختیش دەكاتەوە،"نابێت چیدیكە پۆستی پارێزگار بە وەكالەت بێت و دەبێت لەزوترین كاتدا پربكرێتەوە".

 3ی ئاداری 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ نوێنەری لایەنە براوەکانی کەرکووک کۆبووەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی شارەکە.   

لەدوای كۆبونەوەكەش،  نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق،  راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"سوودانی بە گرنگی زانیوە گفتوگۆی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک."

بەپێی زانیارییەكانی نهانیوز، لەم ماوەیەدا سەرۆكوەزیران لەگەڵ لایەنەكان بەجیا كۆبۆتەوە تا بتوانن لەماوەیەكی كەمدا  پارێزگارێك دیاریبكەن.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستی پارێزگار پێویستی بە نۆ کورسییە، هیچ کام لە پێكهاتەی كورد و عەرەب و توركمان بە جیا ئەو ژمارەی کورسییەیان نییە تا بتوانن یەكلایەنە بریار بدەن.

ش.ح

2024-03-11
زیاتر...
123
Copyright © All rights reserved.